زانكۆی سلێمانی لەبارەی مامەڵەی مامۆستایەك لەگەڵ كچە رۆژنامەنوسێك روونكردنەوە دەدات

کوردستان

06/11/2023     ژمارەی بینراو 445


راچڵەكین- 

زانكۆی سلێمانی لەبارەی مامەڵەی مامۆستایەك لەگەڵ كچە رۆژنامەنوسێكدا روونكردنەوە دەدات و دەڵێت، ئەو جۆرە مامەڵەیە رەتدەكەینەوە بە نەگونجاوی دەزانین. 

بەپێی روونكردنەوەیەك كە لەلایەن راگەیاندنی زانكۆی سلێمانی بڵاوكرایەوە"ئێمە وەك راگەیاندنی زانكۆی سلێمانی كە خۆمان راگەیاندنكارین و لەهەمانكاتیشدا كاری راگەیاندن دەكەین و پسپۆڕی بوارەكەشین، لەم روانگەیەوە رێزێكی تایبەت لەراگەیاندنكاران و پیشەكەیان دەگرین و بەردەوام هەوڵمان داوە هاوكارێكی باشی بین بۆیان و وابكەین كە بەشێك لەكارو چالاكییەكانمان بەبێ جیاوازی لەدەزگاكانی راگەیاندنەوە بڵاو بكرێنەوەو راگەیاندنەكان ببنە گەیەنەری دەنگمان". 


هەر لە روونكردنەوەكەدا هاتووە"بۆیە وەك راگەیاندنی زانكۆی سلێمانی بەهەموو لایەكی رادەگەیەنین، وشە نەشیاوەكانی ئەو مامۆستایەی بەرامبەر بە كچە رۆژنامەنوسێك بەكارهێنا، رەتدەكەینەوە بە مامەڵەیەكی نەگونجاوی دەزانین و لەو چوارچێوەیەشدا سەرۆكایەتی زانكۆمان لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی لەسەر ئەو مامۆستایە پێكهیناوەو سزای خۆی وەردەگرێت". 

راگەیاندنی زانكۆی سلێمانی دەڵێت"رۆژنامەنوسانی ئازیزی سلێمانیش ئاگادار دەكەینەوە، وشەكانی ئەو مامۆستایە گوزارشت تەنها لە بۆچوونی خۆی دەكات نەك زانكۆی سلێمانی، كە پێدەچێت لە توڕەبووندا ئەو وتانەی وتبێت، بۆیە جارێكی دیكە تەئكید دەكەینەوە كە راگەیاندن بە یەكێك لە هەرە پایە گرنگەكانی دەوڵەتداری دەزانین و میدكاران و رۆژنامەنوسانیش كە هەڵگری ئەو پەیامە پیرۆزەن رێزیان لێدەگرین". 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن