وەزارەتی خوێندنی باڵا هەڵوێستی خۆی بەرامبەر مامۆستاكەی زانكۆی سلێمانی راگەیاند

کوردستان

06/11/2023     ژمارەی بینراو 390


راچڵەكین-

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی‌ زانستی‌ هەرێمی‌ كوردستان بەدواداچوون بۆ وتەكانی مامۆستاكەی زانكۆی سلێمانی بەرامبەر پەیامنێرێكی كچ دەكات.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی نوسراوێكی بە ژمارە (1437) لە ڕێكەوتی (2023/11/5) بە ئیمزای د. ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاراستەی سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی كردووە.

لە نووسراوەكەدا هاتووە: "كاری پێویست ئەنجام بدرێت بە پێكهێنانی لێژنەیەكی تایبەت بۆ بەدواداچونی وتەكانی ئەو مامۆستایەی زانكۆی سلێمانی كە لە چاوپێكەوتنێكدا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبۆتەوە و وشەی نەشیاوی بەكارهێناوە بەرامبەر خانمێكی رۆژنامەنووس دوور لە داب و نەریت و پیشەكەی خۆی".

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی زانكۆی سلێمانی ڕاسپاردووە "بەزووترین كات دوای تەواوبوونی كاری لیژنەكە لە ئەنجامەكەی ئاگادارمان بكەنەوە".

پێشتر راگەیاندنی زانكۆی سلێمانی لە روونكردنەوەیەكدا جەختی‌ لەوە كردەوە، وتەكانی‌ مامۆستاكەی‌ زانكۆكەیان بەرامبەر خانمە پەیامنێرەكە رەتدەكەنەوە، ئەوەشی‌ خستەڕوو كە "سەرۆكایەتی زانكۆ لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی لەسەر ئەو مامۆستایە پێكهیناوە و سزای خۆی وەردەگرێت".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن