راچڵەكین-
بەرپرسێكی باڵای ئیسرائیلی رایدەگەیەنێت، ئیسرائیل نیازی نییە جارێكی تر كەرتی غەززە داگیربكاتەوە، یان بۆ ماوەیەكی زۆر دەستی بەسەردابگرێت، ئەمەش لەكاتێكدایە هێزەكانی ئیسرائیل هێرشەكانیان بۆسەر كەنارەكانی كەرتی غەززە چڕكردووەتەوە.
ئاژانسی (رۆیتەرز) لە زاری بەرپرسەكەی ئیسرائیلەوە كە نەیویستووە ناوی خۆی ئاشكرا بكات بڵاویكردەوە:"لەوبڕوایەدان ئۆپەراسیۆنەكانی ئێستایان كاریگەر و سەركەوتوون و بەردەوام دەبن.. هەرچەندە رەها و بۆ تاهەتا نیین".
ئەو بەرپرسەی ئیسرائیل، پلانە دوورمەوداكانی باس نەكرد، لە حاڵەتی هێنانەدی ئامانجە راگەیەندراوەكانیان كە خۆیان لە تێكشكاندنی حەماسدا دەبیننەوە.
لە یەكەم لێدوانی راستوخۆشدا لەو بارەیەوە، بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە دیمانەیەكی لەگەڵ كەناڵی "ئەی بی سی نیوز"ی ئەمریكایی رایگەیاندووە:"ئیسرائیل دەیەوێت، بۆ ماوەیەكی نادیاریكراو لە دوای جەنگ، بەرپرسیارێتی ئەمنی لە غەززەدا بگرێتەدەست".
بەڵام بەرپرسیانی تری ئیسرائیل رایانگەیاند، ئیسرائیل بایەخ بە حوكمڕانی كەرتی غەززە نادات، لەو رووەوە، یوئاڤ گاڵانت وەزیری بەرگری ئیسرائیل لەم ماوەیەی دواییدا وتی:"لە دوای جەنگ، نە ئیسرائیل و نە حەماس، حوكمڕانی غەززە ناكەن".
ئەمڕۆ چوار شەممە، ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند:"ئیسرائیل لەم جەنگەیدا لەدژی بزوتنەوەی حەماس، ناتوانێت لە دوای تەواوبوونی جەنگ كەرتی غەززە داگیربكات".
بلینكن لەدوای چاوپێكەوتنی لەگەڵ وەزیرەكانی گروپی حەوت لە تۆكیۆ، بە رۆژنامەوانانی راگەیاند:"ناكرێت حەماس بەردەوام بێت لە بەڕێوەبردنی غەززە، چونكە ئەمە دەبێتە مایەی دووبارەبوونەوەی رووداوەكانی حەوتی ئۆكتۆبەر.. لە هەمان كاتدا ئاشكرایە ئیسرائیلیش ناتوانێت غەززە داگیر بكات".
ئیسرائیل لە جەنگی ساڵی 1967 كەرتی غەززەی داگیركرد و تا ساڵی 2005 تێیدا مایەوە، دوای ئەوە بەشێوەیەكی تاكلایەنە هێزەكانی كشاندەوە و كۆمەڵگە جولەكەنشینەكانی لەو ناوچەی فەلەستین هەڵوەشاندەوە.