داوای كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی سەركردە سوننەكان دەكرێـت

عێراق

15/11/2023     ژمارەی بینراو 417

راچڵەكین-

پارتی سەروەریی لەعیراق داوای لە سەركردە و نوێنەرانی ناوچە سوننەنشینەكان كرد كە كۆبوونەوەیەكی بەپەلە ئەنجام بدەن، بە ئامانجی گفتوگۆكردن لەسەر ھەنگاوەكانی داھاتوو.

پارتی سەروەریی لەعیراق بەسەرۆكایەتی خەمیس خەنجەر داوای لە سەركردە و نوێنەرانی ناوچە سوننەنشینەكان كرد كە كۆبوونەوەیەكی بەپەلە ئەنجام بدەن و تیایدا، ھەنگاوەكانی داھاتوو، دوای بڕیارەی دادگای باڵای فیدراڵی لەبارەی ھەڵوشاندنەوەی ئەندامێتی محەمەد حەلبووسی لە ئەنجوومەنی نوێنەران، تاوتوێ بكەن.

پارتی سەروەریی لە ڕاگەیاندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لەسەر ئاستی سەركردایەتی، بەدواداچوونی بۆ بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی كردووە لەبارەی ھەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتی محەمەد حەلبووسی لە ئەنجوومەنی نوێنەران.

رۆژی سێشەممە، دادگای باڵای فیدراڵیی عیراق، ئەندامێتی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبووسی لە ئەنجوومەنەكە ھەڵوەشاندەوە.

وەك كاردانەوەیەك دژ بەو بڕیارە پارتی تەقەدووم كە محەمەد حەلبووسی سەركردایەتی دەكات ڕایگەیاندووە كە، "پارتی تەقەدووم بایكۆتی كۆبوونەوەكانی ھاوپەیمانی ئیدارەدانی دەوڵەت دەكات".

هەروەها نوێنەرانی پارتی تەقەدووم لە حكومەتی عێراق كە بریتیین لە جێگری سەرۆكوەزیران و وەزیری پلاندانان، محەمەد عەلی تەمیم و وەزیری پیشەسازی و كانزاكان، خالید بەتال نەجم و وەزیری رۆشنبیری، ئەحمەد فەكاك بەدرانی، دەستیان لەكاركێشاوەتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن