غەززە.. هەماهەنگی لەگەڵ رێكخراوی تەندروستی جیهانی رادەگیرێت

جیهان

23/11/2023     ژمارەی بینراو 222

راچڵەكین -

وەزارەتی تەندروستی لە كەرتی غەززە، بڕیاریدا بە راگرتنی تەواوی هەماهەنگی لەگەڵ رێكخراوی تەندروستی جیهانی سەبارەت بە گواستنەوەی برینداران و كارمەندانی تەندروستیی، وتەبێژی وەزارەتەكەش رایدەگەیەنێت: ئەگەر راپۆرتێك سەبارەت بە دەستبەسەركردنی كارمەندانی تەندروستیی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە پێشكەش نەكرێت، هەماهەنگییەكانمان لەگەڵ ئەو رێكخراوە نێودەوڵەتییە دەستپێناكەینەوە. 

ئەشرەف قودرا، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی لە كەرتی غەززە، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا كە ئەمڕۆ پێنجشەممە لە شاری خان یونس لە باشووری غەززە ئەنجامیدا، ڕاگەیەندراوێكی سەبارەت بە دەستبەسەركردنی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شیفا و ژمارەیەك كارمەندی تەندروستیی لەلایەن هێزەكانی ئیسرائیلەوە بڵاوكردەوە.

وتەبێژی تەندروستیی غەززە، رایگەیاند: هەتا ئەو كاتەی راپۆرتێك پێشكەش دەكرێت سەبارەت بە دەستبەسەركردنی كارمەندانی تەندروستیی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە، بڕیارماندا بە راگرتنی تەواوی هەماهەنگی لەگەڵ رێكخراوی تەندروستی جیهانی سەبارەت بە گواستنەوەی برینداران و كارمەندانی تەندروستی.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد، نەخۆشخانەی شیفا كە گەورەترین دامەزراوەی تەندروستیی غەززەیە، رووبەڕووی گوشار و كاولكاری بووەتەوەو وتی:" نەتەوە یەكگرتووەكان پێیان ڕاگەیاندین كە لەڕێگەی رێكخراوی تەندروستیی جیهانییەوە هەماهەنگیییان دروستكردووە بۆ گواستنەوەی خەڵكی ناو نەخۆشخانەی شیفا".

ئەشرەف قودرا ئاشكراشیكرد، دوێنێ كاروانێكی نەتەوە یەكگرتووەكان كە نوێنەرایەتی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی دەكات، دەستی بە جووڵە كرد بۆ گواستنەوەی بەشێك لە نەخۆش و كارمەندانی تەندروستیی لە نەخۆشخانەی شیفا، كە ماوەی چەند رۆژێكە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە كۆنترۆڵكراوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن