حەلبووسی لەبارەی دادگایی كردنی دێتەدەنگ

عێراق

30/11/2023     ژمارەی بینراو 567

محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی حزبی تەقەدوم

راچڵەكین -

سەرۆكی لەكارلادراوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، ئامادەیی خۆی بۆ چوونە بەردەم دادگا لەبەرامبەر ئەو سكاڵایەی لەسەری تۆماركراوەو رادەگەیەنێت: لە یاسا راناكەم و هەر كاتێك پێویست بكات لەبەردەم دادگا ئامادە دەبم.

محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی حزبی تەقەدوم، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا، هەڵوێستی خۆی بەرامبەر ئەو سكاڵا ئاشكراكرد كە لەدژی تۆماركراوەو تێیدا تۆمەتبار دەكرێت بە گرێبەستكردنی حزبەكەی لەگەڵ كۆمپانیایەكی بیانی كە گومان دەكرێت سەر بە ئیسرائیل بێت.

حەلبووسی وتی:" رێز لە دادگا دەگرم و هەر كاتێكیش پێویست بكات لەبەردەم دادگا ئامادە دەبم لە یاسا راناكەم".

سەرۆكی حزبی تەقەدوم، بەرگریی لەو گرێبەستە كرد كە حزبەكەی لەگەڵ كۆمپانیایەكی بیانی واژۆی كردووەو ئاماژەی بەوەشكرد كە كۆمپانیاكە ئیسرائیلی نییە، بەڵكو كۆمپانیایەكی ئەمریكییە.

حەلبووسی ئاماژەی بەوەكرد كە وڵاتی جێنەهێشتوووەو لەعیراق راناكات، وتیشی:" هەڵوێستی ئێمە بەرامبەر ئیسرائیل روونە كە پێمان وایە كیانێكی داگیركارەو ئاشتی لەگەڵ ئەو وڵاتە ناكەین، بەڵام هەندێ كەس كە خۆیان گۆمانلێكراون، تۆمەتی بێ بنەمامان بۆ هەڵدەبەستن".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن