تەندروستی هەولێر لەبارەی شوشتنی گورچیلە روونكردنەوە دەدات

کوردستان

09/12/2023     ژمارەی بینراو 260

راچڵەكین -

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر، روونكردنەوە لەبارەی دەنگۆی كەمكردنەوەی ماوەی شوشتنی گورچیلە دەدات و رایدەگەیەنێت، رۆژانە 200 نەخۆش لە نەخۆشخانەی هەولێری فێركاری شوشتنی گورچیلەیان بۆ دەكرێت.

لە روونكردنەوەیەك دا كە ئەمڕۆ شەممە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر-ەوە بڵاوكراوەتەوە، تێیدا هاتووە "سەبارەت بە دیداری نەخۆشێك لە یەكێك لەكەناڵەكانی راگەیاندن گوایە لە بەشی شوشتنی گورچیلەی دەستكرد لە نەخۆشخانەی هەولێری فێركاری، كێشەی نەبوونی ئاو هەیەو گرفتی شوشتنی گورچیلەیان بۆ دروستكردووە، ئێمە بۆ ڕای گشتی و هاوڵاتیانی رووندەكەینەوە، ئەم نەخۆشە بۆ ماوەی 10 ساڵە كە دانیشتووی قەزای كۆیەیە و هەفتانە بۆماوەی سێ جار لەسێ ڕۆژدا  شوشتنی گورچیلەی بۆ ئەنجامدەدرێت بەپێی رێكاری زانستی پزیشكی و لەڕێگەی ستافی شارەزای ئامێری شوشتنی گورچیلە، كە هەر نەخۆشێك پێویستی بە چوار كاتژمێر هەیە بۆ تەواوی شوشتنی گورچیلەكە.

لەبارەی هۆكاری كەمكردنەوەی ماوەی شوشتنی گورچیلەی نەخۆشەكە بۆ دوو كاتژمێر، تەندروستی هەولێر هۆكارەكەی گەڕاندووەتەوە بۆ هاوەڵی نەخۆشەكە، كە بەبێ پرسی پزیشك و كارمەندانی بەشی گورچیلەی دەستكرد، دەستكاری ئامێرەكەیان كردووە بۆ دوای دوو كاتژمێر لەدەستكاریكردن و تێكدانی سیستەمی كاركردنی ئامێری شوشتەكە، دوای هەوڵدان بۆ خستنەوەی كارو ڕێكخستنەوەی ئامێرەكە، ماوەی زانستی نەخۆشەكە تەواو بووە و نۆرەی نەخۆشی دواتر بووە بۆ شوشتنی گورچیلە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر ئاشكراشیكردووە، رۆژانە 200 نەخۆش بۆ مەبەستی شوشتنی گورچیلە، سەردانی هەردوو بەشی شوشتنی گورچیلەی دەستكرد لەنێو باڵەخانەی نەخۆشخانەی هەولێری فێركاری و بەشی گورچیلەی دەستكرد كە دەكەوێتە پشت فریاكەوتنی ڕۆژئاوا، لەڕێگەی 60ئامێری شوشتنی گورچیلە پڕۆسەكە ئەنجام دەدرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن