كەمپی ئاوارەكان لە عەربەت دادەخرێت

کوردستان

14/12/2023     ژمارەی بینراو 469

راچڵەكین -

وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق كەمپی ئاوارەكانی عەربەت دادەخات و راشیدەگەیەنێت: دوایین ژمارەی كۆچبەرانی كەمپەكە كە 170 كەسی خەڵكی سەڵاحەدین بوون، گەڕێندرانەوە بۆ زێدی خۆیان.

ڤیان فایەق جابرۆ، وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لەسەر راسپاردەی سەرۆكوەزیرانی عیراق و لەچوارچێوەی جێبەجێكردنی پلانی نیشتمانیی بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەكان و نیشتەجێكردنیان لە زێدی خۆیان، بڕیاردرا سەرجەم ئاوارەكانی نیشتەجێی كەمپی عەربەت لە پارێزگای سلێمانی، بگەڕێندرێنەوە زێدی خۆیان.

وەزیری كۆچبەرانی عیراق ئاشكرایكردووە، كەمپی عەربەت كە تەنها 170 ئاوارەی خەڵكی پارێزگای سەڵاحەدین-ی تێدا مابوو، سەرجەمیان گەڕێندرانەوە بۆ زێدی خۆیان و كەمپەكەش بە یەكجاریی داخرا.

ڤیان فایەق جابرۆ، لە راگەیەندراوەكەیدا پەیامێكی سوپاسگوزاریی ئاڕاستەی دەسەڵاتی خۆجێیەتی پارێزگای سلێمانی كرد لەبەرامبەر هاوكاریكردنیان لە جێبەجێكردنی پلانەكەی حكومەتی عیراق بۆ ئاسانكاریكردن لە گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان، هاوكات داواشی لە دەسەڵاتی خۆجێی هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك كرد هاوشێوەی سلێمانی ئاسانكاری بكەن بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكانی نیشتەجێی كەمپەكانی سنووری هەردوو پارێزگا بۆ زێدی خۆیان و داخهستنی سەرجەم كەمپەكان. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن