راچڵەكین -
سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان راگەیەندراوێكی توند سەبارەت بە هێرشە درۆنییەكەی سەر بارەگایەكی پێشمەرگە لەسنووری پارێزگای هەولێر، بڵاودەكاتەوەو داواش لە حكومەتی فیدراڵی دەكات رێكاری جددی بگرێتەبەر بۆ دۆزینەوەی پەلاماردەران و بەسزاگەیاندیان.
سەرۆكایەتی هەرێم لە راگەیەندراوەكەدا كە ئەمڕۆ یەكشەممە بڵاویكردووەتەوە، جەختی لەوەكردووەتەوە كە بەردەوامیی هێرش و پەلاماری درۆنی بۆ سەر هەرێمی كوردستان، تەنیا زیان بە ئارامی و سەقامگیریی عێراق دەگەیەنێت و دۆخەكە ئاڵۆزتر دەكات.
دەقی راگەیەندراوەكە:
راگەیەنراوێك لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانەوە
بە توندی سەركۆنەی ئەو پەلامارە تیرۆرستییە دەكەین كە شەوی ڕابردوو بە درۆن لە سنووری پارێزگای هەولێر بارەگایەكی پێشمەرگەی بە ئامانج گرت. پەلاماردانی پێشمەرگە وەك هێزێكی فەرمی و بەشێك لە سیستمی بەرگریی عێراقی فیدراڵی، پێشهاتێكی مەترسیدار و ڕەتكراوەیە و هەڕەشە لە ئارامی و سەقامگیریی عێراق دەكات.
داوا لە حكوومەتی عێراقی فیدراڵی دەكەین ڕێكاری جددی بگرێتە بەر بۆ دۆزینەوەی پەلاماردەران و بەسزاگەیاندیان و بۆ ئەم مەبەستە لێكۆلینەوەی هاوبەش و هەماهەنگی لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا بكات. بەردەوامیی هێرش و پەلاماری درۆنی بۆ سەر هەرێمی كوردستان، تەنیا زیان بە ئارامی و سەقامگیریی عێراق دەگەیەنێت و دۆخەكە ئاڵۆزتر دەكات.
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
2023/12/31