تەندروستیی جیهانی پەیامێكی بەپەلە ئاڕاستەی ئیسرائیل دەكات

جیهان

10/01/2024     ژمارەی بینراو 239

راچڵەكین -

رێكخراوی تەندروستیی جیهانی لەبارەی گەیاندنی پێداویستییە مرۆییەكان بۆ دانیشتووانی كەرتی غەززە پەیامێكی بەپەلە ئاڕاستەی ئیسرائیل دەكات و رایدەگەیەنێت: پێویستە رێڕەوێكی ئارام بۆ تێپەڕینی پێداویستییە مرۆییەكان لە غەززە دابین بكات.

تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرێیسس، بەڕێوەبەری گشتیی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لە چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی بەردەوامیی بۆردومانەكانی سوپای ئیسرائیل بۆسەر ناوچەكانی كەرتی غەززەو نەبوونی رێڕەوێكی ئارام، بە ناچاری شەش كاروانمان هەڵوەشاندووەتەوە، كە پێداویستیی مرۆیی بۆ دانیشتووانی ئەو ناوچانە باركردبوو.

وتیشی:" پێویستە ئیسرائیل ڕێگە بە گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەكان بدات و رێڕەوێكی ئارام بۆ تێپەڕینی پێداویستییە مرۆییەكان لە غەززە دابین بكات".

بەڕێوەبەری گشتیی ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی، بەردەوامی بۆردومانەكان و نەبوونی سووتەمەنی و پچڕانی پەیوەندی لەگەڵ كاروانی هاوكارییەكان، بە گرنگترین كۆسپەكانی بەردەم كاری رێكخراوەكەیان وەسفكرد و رایگەیاند: ئەگەر ئیسرائیل ڕێگە بە گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەكان نەدات و رێڕەوێكی ئارام بۆ تێپەڕینی كاروانی پێداویستییە مرۆییەكان لە غەززە دابین نەكات، ئەوا دۆخێكی كارەساتبار چاوەڕوانی هاووڵاتیانی لێقەوماو دەكات.

بەهۆی بەردەوامیی هێرش و بۆردومانەكانی ئیسرائیل بۆسەر كەرتی غەززە، سەدجان هەزار كەس لە دانیشتووانی ناوچەكە، كە ماڵ و حاڵیان جێهێشتووەو روویان لە ناوچەی باشووری غەززە كردووە، لە دۆخێكی سەختی مرۆییدان و پشتیان بەو كۆمەك و پێداویستییانە بەستووە كە رێكخراوە مرۆییەكان و دەزگاكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان بۆیان دابین دەكەن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن