هاتووچۆی هەولێر سكاڵای یاسایی لەسەر شۆفێرێك تۆمار دەكات

کوردستان

20/01/2024     ژمارەی بینراو 239

راچڵەكین -

هاتووچۆی هەولێر روونكردنەوە لەبارەی هێرشكردنە سەر كارمەندێكی هاتووچۆ لەلایەن ژنە شۆفێرێكەوە دەدات و رایدەگەیەنێت، سكاڵا لەسەر شۆفێرەكە تۆماركراوەو هەر كەسێكیش بێڕێزی بە كارمەند و ئەفسەرانی هاتووچۆ بكات رووبەڕووی یاسای دەكەینەوە.

لە روونكردنەوەیەكدا كە ئەمڕۆ شەممە، بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر بڵاویكردووەتەوە، تێیدا هاتووە "دوای ئەوەی رۆژی سێشەممە، 16-1-2024، شوفێرێكی ئافرەت لە شەقامی 40 مەتری نزیك بازاڕی لەنگە، پەلاماری پۆلیسێكی هاتووچۆی دا و بێڕێزی بەرامبەری كرد، ئەمڕۆ لەلایەن مەفرەزەكانمان دەستبەسەر ئۆتۆمبیلەكەیدا گیراو ئێستا ئۆتۆمبێلەكە لە گۆڕەپانی دەستبەسەرداگرتنی بەڕێوەبەرایەتییەكەمان دەستی بەسەرداگیراوە.

هاتووچۆی هەولێر ئاماژەی بەوەكردووە لەسەر ئەو رووداوە، لە دادگا سكاڵای یاسایی لەسەر شۆفێرەكە تۆماركراوە.

بەگوێرەی گرتەیەكی ڤیدیۆیی كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراوەتەوە، دەردەكەوێت ژنە شۆفێرێك لەشاری هەولێر پەلاماری كارمەندێكی هاتووچۆ دەدات و قسەی پێدەڵێت.

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر وەك هۆشدارییەكیش رایگەیاندووە، هەر شۆفێرێك بێڕێزی بە كارمەند و ئەفسەرانی هاتووچۆ بكات لەكاتی ئەركدا یان بە هۆی ئەركەكەیەوە، رووبەڕووی یاسای دەكەینەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن