راچڵەكین-
سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، مانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەداعش لەهەرێمی كوردستان و عیراق دەبێت بەشێوازێك بێت كە لەگەڵ خواست، پێویستییەكانی ئاشتی و سەقامگیریی ئەمڕۆی ناوچەكەدا بگونجێت.
نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە، راگەیەندراوێكی لەبارەی بەشداریكردنی بافڵ جەلال تاڵەبانی، لەكۆنفرانسی ئاسایشی میونشن 2024 بڵاوكردەوە.
وەك لەراگەیەندراوەكەدا هاتووە:" لە ماوەی كۆنفرانسەكەدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی چەندین كۆبوونەوەی بەشێوەی تایبەت و فەرمی لەگەڵ سەرۆكی حكومەتەكان، دیپلۆماتكاران، سیاسییەكان و شارەزا سەربازییەكاندا كرد تاوەكو بارودۆخی جدیی عیراق بە گشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی بگەیەنێتە سەرۆك و بەرپرسە باڵاكانی جیهان."
سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، جەختی لەوەكردەوە:" شەڕ دژی رێكخراوە تیرۆریستییەكان كۆتایینەهاتووە و تیشكی خستەسەر ئەو بارودۆخە ناسەقامگیرەی كە بەهۆی ململانێ هەرێمییەكانەوە بەرۆكی ناوچەكەی گرتووە."
بافڵ جەلال تاڵەبانی، هەروەها پێویستیی مانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە هەرێمی كوردستان و عیراق روونكردەوە و رایگەیاند:" مانەوەی هێزەكان دەبێت بەشێوازێك بێت كە لەگەڵ خواست، پێویستییەكانی ئاشتی و سەقامگیریی ئەمڕۆی ناوچەكەدا بگونجێت."
بافڵ جەلال تاڵەبانی باسی لە هەوڵە بەردەوامەكانی یەكێتی كرد بۆ زیاتر هەماهەنگیی تیمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ناو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵدا. گرنگیی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان، ئامادەكارییەكان لە كاتی خۆیدا و دڵنیایی سەركەوتن و بێگەردی ئەم هەڵبژاردنانە تەوەرێكی دیكەی گفتوگۆكان بوون لەگەڵ ئەو بەرپرسانەی كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنجامدان لە كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن.