پەرلەمانتارێكی عیراق لە هەوڵێكی تیرۆركردن رزگاری دەبێت

عێراق

22/02/2024     ژمارەی بینراو 279

راچڵەكین -

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەناوەڕاستی شاری بەغدا، رووبەڕووی هەوڵێكی تیرۆركردن دەبێتەوەو رزگاری دەبێت.

میدیاكانی عیراق بڵاویانكردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەكاتی تێپەڕبوونی كاروانی ئۆتۆمبیلەكانی باقر ئەلساعدی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لەناوچەی جادریەی ناوەڕاستی بەغدا، دوو چەكداری دەمامكدار بە سواری ماتۆڕسكیلەوە دەستڕێژی گوللەیان لێكرد.

سەرچاوەیەكی ئەمنیی رایگەیاند، پەرلەمانتارەكە لەو هەوڵە تیرۆرریستییە رزگاری بووەو پاسەوانەكانیشی بە تەقە وەڵامی چەكدارەكانیان داوەتەوە.

لەدوای رووداوەكە، هێزە ئەمنییەكانی عیراق هەڵمەتێكیان ئەنجامدا بۆ دەستگیركردنی ئەو چەكدارەی هەوڵی تیرۆركردنی پەرلەمانتارەكەیان دا، كە بەرەو شوێنێكی نادیار هەڵاتن و تائێستاش دەستگیر نەكراون.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن