گەندەڵییەكی گەورە ئاشكرا دەكرێت

عێراق

24/02/2024     ژمارەی بینراو 386

راچڵەكین -

دەستەی دەستپاكیی گەندەڵییەكی گەورە لە پارێزگای نەینەوا ئاشكرا دەكات و رایدەگەیەنێت: دوو بەرپرسی باڵای پارێزگاكە بەهۆی تێوەگلانیان لە گەندەڵییەكە، راپێچی بەردەم دادگا دەكرێن.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی دەستەی دەستپاكیی عیراق، دوای ئاشكرابوونی كەیسێكی گەندەڵی لە پارێزگای نەینەوا بەبەهای زیاتر لە دوو ملیار دینار، فەرمانی بانگهێشتكردن بۆ جێگرانی یەكەم و دووەمی پێشووی پارێزگاكە دەركرا.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، كەیسەكە بریتییە لە گرێبەستێكی تایبەت بە هێنانی چەند ئامێرێك بۆ كەرتی تەندروستی، كە بەپێچەوانەی یاسا لەلایەن جێگرانی یەكەم و دووەمی پێشووی پارێزگای نەینەوا پەسەندكراوەو دراوەتە كۆمپانیایەكی ئەهلی، بەبێ ئەوەی هیچ مەرجێكی یاسایی تێدابێت.

بەهای گرێبەستەكە زیاتر لە دوو ملیارو 324 ملیۆن دینار بووە، لەئەنجامی لێكۆڵینەوە، دەركەوتووە ئەو كۆمپانیایەی گرێبەستەكەی بۆ دەرچووە، مەرجی هونەری و یاسایی لە تەندرەكەیدا نەبووە، بەڵام لەلایەن جێگرانی یەكەم و دووەمی پێشووی پارێزگای نەینەوا بۆی پەردەپۆشكراوە.

دەستەی دەستپاكیی عیراق ئاشكرایكردووە، لەئێستادا هەردوو بەپرسە تۆمەتبارەكەی نەینەوا، راپێچی بەردەم دادگا كراون بۆئەوەی سزای یاسایی بدرێن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن