ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم چەند بڕیارێكی نوێ بۆ فەرمانبەران دەردەكات

کوردستان

25/02/2024     ژمارەی بینراو 1597

راچڵەكین-

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، چەند بڕیارێكی دەركرد كە بەشێكیان پەیوەندییان بە فەرمانبەران و دامەزراندن و پلەبەرزكردنەوە و درێژكردنەوەی خزمەت و گواستنەوە هەیە.

سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە نووسراوێكدا كە لە 12ی2ی 2024 دەرچووە ئاماژەی بەوەكردووە، بە رەچاوكردنی بارودۆخی دارایی هەرێم و ركخستنی میلاكات و خەرجییەكان و كەمكردنەوەی خەرجییەكان، پێویستە هەموو لایەك پابەندی ئەوە بن، ئەو جۆرە نووسراوانەی ناوەڕۆكەكەی ئەم باباتانەی خوارەوە لەخۆ دەگرێت، ئاراستەی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەن نەكرێت:

- نووسراوی دامەزراندنیان بۆ نەنێردرێت، تا ئەوكاتەی لە چوارچێوەی یاسای بودجەی ساڵانەدا لەلایەن ئەنجوومەنی راژە رێك دەخرێت.

-نابێت داواكاریی گەڕاندنەوەی فەرمانبەران بۆ راژەی سەربازی و شارستانی بۆیان بنێردرێت، تەنیا ئەو فەرمانبەرانە نەبێت، كە بەهۆی حوكمی دادگا، یان دۆسیەیەكی دادوەرییەوە لە راژە دادەبڕێن.

- گواستنەوەی راژە و تەنسیبكردنی فەرمانبەران لەدەرەوەی هەرێم بۆ دامودەزگاكانی هەرێم و گواستنەوەی راژە بۆ سەر میلاكی وەزارەتی خوێندنی باڵا و پەروەردە بۆمان نەنێردرێت.

- گواستنەوەی فەرمانبەران لە یاسای خزمەتی سەربازی بۆ سەر یاسای خزمەتی شارستانی و بەپێچەوانەشەوە راگیراوە.

- هیچ نووسراوێكی درێژكردنەوەی ماوەی خزمەتی ئەو فەرمانبەرانەیان بۆ نەنێردرێت، كە تەمەنی یاساییان تەواو كردووە، جگە لەو حاڵەتانەی پێویستن، ئەویش ماوەی ساڵێك یان بۆ سێ ساڵ، بۆ شایستەبوونی مووچەی خانەنشینی.

- نووسراوی هاوكارییان بۆ نەكرێ، تەنیا هاوكاریی چاندنی جگەر رێگەی پێدراوە و هاوكارییەكە دەكرێت.

لە نووسراوەكەدا، چەند خاڵێكی دیكەش هاتوون، كە وەرناگیرێن و كاریان لەسەر ناكرێت، لەوانە: "تەرخانكردن و نوێكردنەوەی رەزامەندی و گواستنەوەی زەویی نیشتەجێكردن، نووسراوەكانی تایبەت بە قەرەبووكردنەوە، كە وەزارەت و دامودەزگاكانی هەرێم لێی بەرپرسیار نین، كڕینی ئۆتۆمبێل بۆ بەكارهێنانی تایبەتی و بەرزكردنەوەی پلەی فەرمانبەران بەدەر لە رێنوێنییەكان و ئەو نووسراوانەی لە لایەن بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران دەنێرێن، وەرناگیرێن."

ئەنجوومەنی وەزیران جەختی كردووەتەوە، هەر بابەتێك، كە لەو بڕیارانەدا هەبێت، ئەوە لە لایەن كارگێڕیی ئەنجوومەنی وەزیران وەرناگیرێ و كاری لەسەر ناكرێت و نووسراوەكان لە وەرگرتەی ئەنجوومەنی وەزیران وەرناگیرێن و دەگەڕێندرێنەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن