راچڵەكین-
سەرۆكوەزیرانی عیراق بڕیاریدا بەتەرخانكردنی بڕی 50 ملیار دینار بۆ سندوقی ئاوەدانكردنەوەی قەزای شەنگال.
نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عیراق بڵاویكردووەتەوە، ئەمڕۆ دووشەممە، محەمەد شیاع سوودانی، لەقەزای شەنگال سەرپەرشتی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوای كرد.
وەك لەراگەیەندراوەكەدا هاتووە، ئەنجوومەنی پارێزگاكان وێستگەی هەڵسەنگاندنی ئەدای حكومەتە نێوخۆییەكانە:"بەهۆی وێرانكاریی و هێرشی تیرۆریستان، پارێزگای نەینەوا پێویستی بە ئاوەدانی زیاتر و چارەسەركردنی كێشەی هاووڵاتییانە."
سوودانی لە كۆبوونەوەكەدا هەروەها روونیكردەوە، حكومەتی ئیتیحادی پابەندە بە هاوكاریكردنی حكومەتە خۆجێیەكان، هەروەها ئەولەویەتی كاری پارێزگارەكان هیچی لە كاری حكومەت كەمتر نییە، لەپێناو دابینكردنی هەلی كاری زیاتر و رووبەڕووبوونەوەی دیاردەی هەژاری.
لەبارەی دۆخی شەنگالەوە، محەمەد شیاع سوودانی ئاماژەی بەوەكردووە: "پەیامی ئەم كۆبوونەوەیە لە شەنگال بۆ خەڵك و دانیشتوانەكەی ئەوەیە، كە حكومەتی عێراق بەنیازە هەڵمەتێكی ئاوەدانكردنەوە لە شنگال دەستپێبكات، لەمپێناوە حكومەتی عیراق 50 ملیار دیناری بۆ سندووقی ئاوەدانكردنەوەی شنگال لە بودجەی گشتی عێراق دابیندەكات.