راچڵەكین-
وەزارەتی دارایی عیراق بڕیاردەدات، لە مانگی پیرۆزی رەمەزاندا وەرگرتنەوەی قیستی مانگانە بۆ پێشینەكان و قەرزەكان لە بانكەكان و پارەی سلفە، رابگرێت.
بەپێی راگەیەندراوێك كە ئەمڕۆ چوارشەممە لەلایەن وەزارەتی دارایی عیراقەوە بڵاوكرایەوە"بەپشتبەستن بە رێنماییەكانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران، تەیف سامی وەزیری دارایی بڕیاریدا لەگەڵ نزیكبونەوەی مانگی رەمەزان وەرگرتنەوەی قیستی مانگانەی پێشینەكان و قەرزەكان كە دەدرێت بە فەرمانبەران (مەدەنی و سەربازی) و خانەنشینان لە بانكەكانی سەر بە وەزارەتی دارایی رابگیرێت، هەروەها لێبڕینی پارەی سلفە بۆ پێشینەكان و قەرزەكان لە كۆمپانیاكان، بە هەمان شێوە لەو مانگەدا رادەبگیرێت".
هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە"وەرگرتنەوەی قیستی مانگانەی قەرز و پێشینەكان و لێبڕینی پارەی سلفە لەدوای مانگی رەمەزانی پیرۆز لە سودمەندان دەستپێدەكاتەوە".
وەزارەتی دارایی عیراق دەڵێت"دەستپێشخەرییەكە بۆ كەمكردنەوەی بارگرانییە لەسەر سودمەندانی ئەو قەرز و پێشینانەی لەلایەن حكومەت حكومەتەوە دراوە بە هاووڵاتیان،ئەمەش وەك رەچاوكردنی رەوشی ژیانی فەرمانبەران و خانەنشینانی دەوڵەتە كە لە مانگی رەمەزاندا پێداویستییەكان و ئاستی بەكاربردنیان زیاتر دەبێت".