مەكتەبی سیاسی یەكێتی پەیامێك بڵاودەكاتەوە

کوردستان

15/03/2024     ژمارەی بینراو 1325

راچڵەكین -

مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەیادی 36 ساڵەی كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە، پەیامێك بڵاودەكاتەوەو رایدەگەیەنێت: هەڵەبجەی ئەمڕۆ پێویستی زیاتر و زیاتری بە ئاوەدانی و بوژانەوە و ژینگەیەكی پاك و تەندروست بۆ ژیان هەیە.

لەو پەیامەیدا كە ئەمڕۆ هەینی بڵاویكردووەتەوە، مەكتەبی سیاسی یەكێتی جەختی لەوەكردووەتەوە كە وەك چۆن لە دەیەكانی رابردوودا درێغی نەكردووە لە خزمەتكردنی كەیسی ئیداری و ئاوەدانی و بوژانەوەی هەڵەبجەو ناساندنی وەك تاوانێكی نێودەوڵەتی، لەمەودواش بە گوڕوتینێكی زیاتر لەم ئەركە پیرۆزە بەردەوام دەبێت.

دەقی پەیامەكە:

٣٦ ساڵە پێش ئێستا رژێمی رەفتار فاشی بەعس شاری هەڵەبجەی بە چەكی كیمیاوی بۆردومان كرد و پێنج هەزار هاووڵاتی و دەیان هەزار كەسی بریندار و ئاوارە و بێ ماڵوحاڵ كرد.

خەڵكی جینوسایدكراوی پارێزگای هەڵەبجە و خاكی بەسوتماكراوی پایتەختی شارەزوور، لەم كارەساتەوە بوون بە ناونیشانی مەزڵومیەتی گەلی كوردستان و كێشە رەواكەی لە سەرتاسەری دونیادا.

بیرەوەری ٣٦ ساڵەی كارەساتی هەڵەبجە بیرەوەرییەكی خەمناك و پەژارەیەكی نیشتمانی و نەتەوەییە كە هەرگیز لە هزر و ئەندێشەی  گەلەكەمان و بزوتنەوەی كوردایەتی و مرۆڤایەتی بە ویژدان دەرناچێت و هەمیشە زامێكی ساڕێژ نەبووە تا ئەو رۆژەی هەڵەبجەو هەموو كوردستان دەگەنە دوا قۆناغی رزگاری و ئارامی و ئاوەدانی و قەرەبووی لانی كەمی زوڵم و ستەمی رژێمەكەی سەددام وەردەگیرێتەوە كە یەكەم حكومەت بوو كیمیاوی بەرامبەر بەشێكی گەلەكەی و هاوڵاتیانی چوارچێوەی وڵاتەكەی بەكاربێنێت.

هەڵەبجەی ئەمڕۆ پێویستی زیاتر و زیاتری بە ئاوەدانی و بوژانەوە و ژینگەیەكی پاك و تەندروست بۆ ژیان هەیە، ئومێدی خەڵكەكەی ئەوەیە دوای بوونی بە پارێزگایەكی خنجیلانەی هەرێم، لە ئاستی عێراقیشدا رێكارە یاسایی و ئیدارییەكانی بوونی بە پارێزگای نۆزدەمینی وڵات تەواو ببێت و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەم ئەرك و شانازییە نیشتمانی و مرۆییە بە زوویی راپەرێنێ . 

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك چۆن لە دەیەكانی رابردوودا درێغی لە خزمەتكردنی كەیسی ئیداری و ئاوەدانی و بوژانەوەی هەڵەبجە، ناساندنی وەك تاوانێكی نێودەوڵەتی جینوساید و هاندانی بەرپرسیارێتیی مۆراڵی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئاست ئەم تاوانە گەورەیە نەكردووە، لەمەودواش بە گوڕوتینێكی زیاتر لەم ئەركە پیرۆزە بەردەوام دەبێت و لە ئاستی هەموو نوێنەرایەتییەكانی لە پەرلەمان و حكومەت، لە ئاستی هەرێم و حكومەتی فیدرالیدا تێكۆشانی هەمەلایەن و دەستە جەمعی و بەكردەوەی بۆ دووپات دەكاتەوە.

نەمری بۆ شەهیدانی هەڵەبجە و قوربانیانی جینۆسایدی گەلەكەمان لەسەرتاسەری كوردستاندا.

تا ساڕێژبوونی دوا زامەكانی هەمیشە دەڵێین:

(هەڵەبجە.. برینمانی ، لە بیرمانی)

مەكتەبی سیاسیی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

١٦-٣-٢٠٢٤

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن