راچڵەكین-
ئەمڕۆ 24-4-2020، 46 ساڵ بەسەر بۆردوومانكردنی شاری قەڵادزێ لەلایەن رژێمی بەعسی رووخاوەوە تێدەپەڕێت كە بەهۆیەوە دەیان كەس شەهیدو برینداربوون.
رۆژی 24ی نیسانی 1974 لەلایەن ژمارەیەك فڕۆكەی ڕژێمی بەعس، بەشێك لە زانكۆ سلێمانی كە ئەوكات لە قەڵادزێ بوو بۆردومان كرا كە بووە هۆی شەهید بوونی 163 كەس و 300 كەسیش بریندار بوون وزیاتر لە 200 خانووش ڕووخێندران.
لەساڵی 1982 لەكاتی یادكردنەوەی 24-4 خەڵكی قەڵادزێ لەدژی رژێمی بەعس ڕاپەڕین و پیاوانی ڕژێم بەگولـلە وەڵامیان دانەوەو لە ئەنجامدا دوو كەس بە ناوی خوشكە سنەوبەرو دایە ئامینە شەهیدبوون و 5 كەسیش بریندار بوون.
بەهۆی ئەو رێوشوێنانەی گیراونەتەبەر بۆ بڵاونەبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەمساڵ هیچ چالاكی و یادكردنەوەیەك بۆ كارەساتی 24-4-1974ی قەڵادزێ ناكرێتەوە.
ئەدیب لەتیف، بەڕێوەبەری گشتی شەهیدانی سلێمانی و هیوا قەرەنی سەرپەرشتی ئیدارەی راپەڕین رایانگەیاند:" بە هۆی رێكارەكانی تایبەت بە خۆپاراستن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا و پاراستنی كەس و كاری سەربەرزی شەهیدان، بۆ ئەم یادە پیرۆزە ئەم ساڵ هیچ چالاكییەك ئەنجام نادرێت."
ئاماژەیان بەوەشدا، تەنها كەسوكاری شەهیدان و كەسایەتییەكان، تاجە گوڵینەی رێز و وەفا لەسەر گڵكۆی شەهیدان دادەنێن.