مەسرور بارزانی لەبارەی پڕۆژەی "هەژماری من" روونكردنەوە دەدات

کوردستان

17/03/2024     ژمارەی بینراو 435

راچڵەكین -

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت: پڕۆژەی هەژماری من بەردەوامەو لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی فیدراڵ و پارێزگاری بانكی ناوەندی لەپەیوەندیداین سەبارەت بە چەند دەستپێشخەرییەكی پەیوەندیدار بە پێشخستنی سیستەمی بانكی بە هەماهەنگی و بەپێی مەرج و رێنماییەكانی بانكی ناوەندی عیراق.

ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، لەگەڵ شاندێكی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بانكی بەغداد و بانكی ئوردنی كوەیتی كۆبووەوە.

لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە، مەسرور بارزانی رایگەیاند: گفتوگۆمان لەبارەی دەرفەتەكانی ئەنجامدانی كار و پڕۆژەی هاوبەش لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد لە پێناو پێشخستنی سیستەمی بانكی و پەرەپێدانی ئابووری لە عیراق و هەرێمی كوردستان.

سەرۆكی حكومەت ئاماژەی بەوەشكردووە، تیشكمان خستەسەر چاكسازییەكانی حكومەتی هەرێم لە بواری سیستەمی بانكی و بەدیجیتەڵكردنی خزمەتگوزارییەكان و پارەدانی ئەلیكترۆنی.

سەبارەت بە پڕۆژەی هەژماری من، مەسرور بارزانی رایگەیاندووە، لە كۆبوونەوكەدا باسمان لە بەردەوامبوونی پڕۆژەی ( هەژماری من) كرد و ئاماژەمان بەوەدا كە لەپەیوەندیداین لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی فیدراڵ و پارێزگاری بانكی ناوەندی سەبارەت بە چەند دەستپێشخەرییەكی پەیوەندیدار بە پێشخستنی سیستەمی بانكی بە هەماهەنگی و بەپێی مەرج و ڕێنماییەكانی بانكی ناوەندی عیراق.

 

وتیشی:" شاندەكە سەرسامی خۆیان بەرامبەر ئاست و  پێشڤەچوونی پڕۆژەی (هەژماری من) و دیدگامان لەبارەی هەمەجۆركردنی ئابووری و پێشخستنی سیستەمی بانكی نیشانداو هەردوولا هاوڕابووین لە سەر گرنگیی پشتیوانیكردنی هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بواری چاكسازی بانكیدا". 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن