مەكتەبی سیاسی پارتی: بەشداریی هەڵبژاردن ناكەین

کوردستان

18/03/2024     ژمارەی بینراو 227

راچڵەكین- 
مەكتەبی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیێنێت، لە سۆنگەی تێگەیشتنیان لە پێگە و بەرپرسیارێتیی مێژوویی، لە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمان، دەزانین بەشداریی هەڵبژاردنێكی بە نایاسایی و نادەستوری و لە سایەی سیستمێكی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت. 

بەپێی راگەیەندراوێك كە لەلایەن مەكتەبی سیاسی پارتی بڵاوكرایەوە، پارتی نەچێتە ژێر باری پەسەند کردنی بریاری نادەستوریی و سیستەمێکی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستورییەکانی و بەشداری هەلبژاردنێک نەكات کە بە نایاسایی و نادەستوری  و لەسایەی سیستەمیکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت. 

دەقی راگەیەندراوەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان:

 بەڵام بەداخەوە سیاسەتی وەلانان و دەستێوەردان و برسیکردن و برینی بودجە و مووچە و هەروەها سیاسەتی جێبەجێکردنی ماددەکانی دەستور بەشێوەی ئینتقائی، كۆمەڵێك هەنگاون بۆ بچوککردنەوەی قەوارەی دەستوریی هەرێمی کوردستان و بوون بە بنەما بۆ ئیدارەدانی ئەم وڵاتە، سەرەرای ئەمەش پارتیمان لە هەوڵ و کوششی خۆی نەوەستا بۆ راستکردنەوەی ئەم لادان و شێوازی حوکمرانیە کە پێچەوانەی رۆحی دەستورە، بەڵام دەسەلاتدارانی بەغدا پەرۆشییان پیشان نەداوە بۆ راستکردنەوەی ئەو لادانە دەستوریانە.
 
لە بەرەنجامی ئەو ڕاستیانەی سەرەوە و پێشلکردنی بەشێک لەماددەکانی دەستور و بەڕەچاوكردنی ئەوەی كە خودی پێكهاتەی ئێستای دادگای باڵای فیدراڵی نادەستورییە و بەردەوام لەبڕیارەكانی پەیوەست بە هەرێمی كوردستان، پێشێلی مافە دەستوریەكانی كردووە و دەیەوێت ئەو دەستكەوتانەی گەلەکەمان كە بە خەبات و تێكۆشان و خوێنی شەهیدەكانمان و ئەنفالکراوان و کیمیابارانكراوان وەدەستی هێناون، بە بڕیاری سیاسی و  نادەستوری لە گەلی كوردستانی بستێنێتەوە.
 
هاووڵاتیانی بەرێز؛
لێرەدا لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت دەخەینە بەردەم بەڕپرسیارێتی نیشتمانی لەجێبەجێنەکردنی دەستور و تەواوی خالەکانی رێکەوتنی سیاسی و ئیداریی پێکهێنانی کابینەی ئێستای حکومەتی عێراق بەسەرۆکاتی بەرێز محمد شیاع سودانی، بەپێچەوانەشەوە ناتوانین بەردەوام بین لە پرۆسەی سیاسی دا.

هەروەها بۆ ڕای گشتی ناوخۆیی عێراقی و نێودەوڵەتی رادەگەیەنین، سەرەڕای متمانە بەخۆبونمان و بە پشتیوانیی گەڵی کوردستان بەوەی کە چۆن لە ساڵی 1992 تا ئێستا لەسەرجەم هەڵبژاردنەکاندا زۆرینەی خەلکی کوردستان متمانەیان بەپارتیمان بەخشیوە، ئێستاش بروامان بەخۆمان و گەلەکەمان هەیە کە هێزی یەکەمی کوردستانین، بەڵام لەسۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیارێتی مێژووییمان لە پاراستنی مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان و سیستەمی دیموكراسی و فیدراڵی  عێراق، هەروەها ڕەوایی نەدان بە هەڵبژاردنێكی نا دەستوری و نا دیموكراسی، و وەستانەوە لە بەرامبەر سەرجەم ئەو پێشێلکاریانەی دەستور کە لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە بەرامبەر هەرێمی کوردستان و دامەزراوە دەستورییەکانی ئەنجام دەدرێت بەگشتی، و سەپاندنی هەموارە نادەستوریەكانی یاسای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەتایبەتی، بە بەرژەوەندی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین كە پارتیمان نەچێتە ژێر باری پەسەند کردنی بریاری نادەستوریی و سیستەمێکی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستورییەکانی و بەشداری هەلبژاردنێک نەكات کە بە نایاسایی و نادەستوری  و لەسایەی سیستەمیکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت.
 
مەکتەبی سیاسی
پارتی دیموکراتی کوردستان




داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن