كاروان یاروەیس: بڕیارەكەی پارتی دۆخی ناوخۆ ئاڵۆز دەكات تا ڕادەی دوو ئیدارەیی

کوردستان

18/03/2024     ژمارەی بینراو 254

راچڵەكین-

ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق لەبارەی بڕیاری پارتی دیموكراتی كوردستان بە بەشداری نەكردن لەهەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، كوردستان دەباتە دۆخێكەوە دوورنیە سەری ئەزموونەكە بخوات.

كاروان یاروەیس، ئەمڕۆ یەكشەممە رایگەیاند، بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی نە تانەی لێدەدرێ و نە تەمیز دەكرێتەوە، ئەمرۆش پارتی لە كاردانەوەی نیگەرانیەكانی بەرامبەر بەبڕیارەكانی ئەم دادگایە، لەسەر هەڵبژاردن و بڕیارەكانی تری، بایكۆتی هەڵبژاردنی راگەیاند.
 
 دەشڵێت، ئەم بڕیارەی پارتی، قەیرانی سیاسی و پەیوەندییەكانی پارتی لەگەڵ عیراق و پارتی لەگەڵ یەكێتی و تەنانەت تەوتینی مووچەش دەباتە قۆناغێكی مەترسیدارەوە. 

 ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق ئەوەش رووندەكاتەوە، باشە پارتی لە دادگای باڵای فیدرالی نیگەرانە و بڕیاری ئەم دادگایەش «وەك تیر وایە لەكەوان دەرچوو گەرانەوەی بۆ نییە» واتا تەعن و تەمیز ناكرێ، كەواتە ئەم كێشەیە چۆن چارەسەر دەكرێ؟ ئەم هەڵوێستەی پارتی ناوەراستی نیە یا پارتی یا دادگای ئیتحادی.

كاروان یاروەیس دەڵێت، ئەگەر ئەم بڕیارەی پارتی  بۆ فشار و كاتی بێ، تا دوو مانگ هەڵبژاردن دوابخرێ شتێكە، ئەگەر نەخێر بڕیارەكە كۆتاییە و بۆ فشار نیە، ئەوە كوردستان دەباتە دۆخێكەوە دوورنیە سەری ئەزموونەكە بخوات و بەهۆی جێبەجێنەكردن و سەرپێچی بڕیارەكانی دادگا، ئەوكات دادگا بڕیاری تر بدات!

 یاروەیس دەڵێت، ئەگەر بڕیارەكەی پارتی تا بایكۆتی پرۆسەی سیاسی بروات لە عیراق، ئەوە كاتی خۆی سوننەكان چەندە سوودیان لە باكۆت بینی پارتیش هەر ئەوەندە سوودی لێدەبینێ!

 هەروەها ئاماژەی بەوەشكردووە، لەئاستی ناوخۆ پەیوەندی یەكێتی و پارتی ئالۆزتر دەكات تا ڕادەی دوو ئیدارەیی و ناچاربوون بەناردنی لیستی مووچەی سلێمانی بەسەربەخۆ بۆ وەزارەتی دارایی ئیتیحادی.

ئەو نوێنەرە كوردە دەڵێت، ئەوەی لەم نێوەندەدا زیانی بەردەكەوێت خاك و خەڵكی كوردستانە، خاكەكەی ئەگەری هەیە دیسانەوە لەت لەت ببێ و خەڵكەكەشی دەكەونە ژێرباری نەهامەتیی ترەوە. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن