ئەمریكا: بایكۆتی هەڵبژاردن بۆ هەرێمی كوردستان باش نییە

کوردستان

19/03/2024     ژمارەی بینراو 183

ڤێدانت پاتێل، جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا


راچڵەكین- 
جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە بارەی راگەیاندنەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان سەبارەت بە بایكۆتكردنی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت" ئەمەریكا نیگەرانە و پێیوایە بایكۆتكردنی ئەم هەڵبژاردنە لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان، یان گەلی كورد، یان عیراق بە گشتی نییە". 

ڤێدانت پاتێل، جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانی رایگەیاند:"ئەمەریكا لە نیگەرانییەكانی كوردی عێراق تێدەگات سەبارەت بە بڕیارەكانی ئەم دواییانەی دەزگا فیدراڵییەكانی عیراق، وە ئەمەریكا بە بەردەوامی لە پەیوەندیدایە لەگەڵ كاربەدەستان لە بەغدا و هەولێر سەبارەت بە بابەتەكانی كە جێی گرنگی هەموو لایەكن، لەوانە سەقامگیری عێراق و سەروەری یاسا و پاراستنی هەموو پێكهاتەكانی عیراق". 

بە وتەی ڤێدانت پاتێل:"حكومەتی ئەمەریكا لەو بڕوایەدایە سەقامگیری لە عێراق دێتە دی لە ڕێگەی پاراستنی مافی كەمینەكانی وڵاتەكە و هەروەها پاراستنی مافی هەڵبژاردنی ئەو كەمینانە بەو پێیەی لە دەستوری عێراقدا هاتووە، ئەمەش دەبێتە مایەی ئاشتی و سەقامگیری لە هەرێمی كوردستان". 

پێشتر ئەلینا رۆمانۆوسكی باڵیۆزی ئەمەریكا لە عیراق لە ئەكاونتی خۆی لەسەر تۆڕی (ئێكس) بە هەرسێ زمانی ئینگلیزی و كوردی و عەرەبی نوسیبووی"نیگەرانین لە راگەیاندنی پارتی بۆ بایكۆتكردنی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان. داوا لە حكومەتی عیراق و هەرێم دەكەین، دڵنییایی بدەن كە هەڵبژاردنەكان ئازاد و دادپەروەر و شەفاف و متمانەپێكراو دەبن، هەموو خەڵكی هەرێمی كوردستان پێویستە دەنگیان هەبێت لە بڕیاردان لە سەر داهاتوویان."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن