هەڵوێستێكی نوێی دادگای فیدراڵی لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم

کوردستان

19/03/2024     ژمارەی بینراو 1119

راچڵەكین-
دادوەر جاسم عمێری سەرۆكی دادگای باڵای فیدڕاڵی ئامانجی بڕیارەكەی دادگاكە بۆ تەوتینكردنی موچەی هەرێمی كوردستان ئاشكرا دەكات و رایدەگەیەنێت، پێویستە ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە كاش بەردەوام بێت، تا پرۆسەی جێگیركردنی مووچە لە بانكەكاندا تەواو دەبێت كە ڕەنگە ماوەیەكی پێبچێت.

بەپێی راگەیەندراوێك كە لەلایەن نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق بڵاوكرایەوە، دوای دەرچوونی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی ژمارە (224 و موحدتها 259/اتحادیە/2023) لە رۆژی 21ی (شوبات/2)ی 2024 د. لەتیف رەشید سەرۆكی كۆمار لەگەڵ سەرۆكی دادگای باڵای فیدراڵی كۆبووەوە بۆ ڕاوێژ سەبارەت بەو بابەتانەی لە بڕیارەكەی دادگادا لە سەرەوە هاتوون.

بە گوێرەی راگەیەندراوەكە سەرۆك كۆماری عیراق لە كۆبونەوەكەدا رایگەیاندووە، "پڕۆسەی سیاسی دوای ساڵی 2003 لەسەر بنەمای كۆمەڵێك نەگۆڕ بووە كە بە ئیرادەی سەركردە سیاسییەكان لەسەری ڕێككەوتوون و لە دەستوردا دامەزراون، دیارترینیان ئەم پرەنسیپانە ئەوەیە كە عیراق دەوڵەتێكی فیدڕاڵی بێت و سیستمێكی حوكمڕانی تێدابێت كە كۆماریخوازی و نوێنەرایەتی و پەرلەمانی بێت و دەستور بە ئاشكرا فیدڕاڵیزمی پەسەند كردووە، هەرێمی كوردستان و دەسەڵاتەكانیشی، بەو مانایەیە كە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی تەواویان بەسەر هەرێم و هاووڵاتیانیدا هەیە بە شێوەیەك كە پێچەوانەی دەستور و یاسا نەبێت، جگە لە دەسەڵاتە تایبەتەكانی حكومەتی فیدڕاڵی".

د. لەتیف رەشید باسی لەوەشكردوە، "كێشانی سیاسەتی دارایی و گومرگی، دەركردنی دراو، ڕێكخستنی سیاسەتی بازرگانی لە سەرانسەری سنورەكانی هەرێم و پارێزگاكان لە عێراق، داڕشتنی سیاسەتی دراوی دەسەڵاتی تایبەتی فیدڕاڵین، بەڵام جێبەجێكردنی ئەم سیاسەتە و دیاریكردنی میكانیزمەكانی جێبەجێكردن دەكەونە چوارچێوەی دەسەڵاتەكانی هەرێمەوە".

لای خۆیەوە سەرۆكی دادگای باڵای فیدڕاڵی رایگەیاندووە "دادگاكە پابەندە بەوەی كە دامەزرێنەرانی پڕۆسەی سیاسی لەسەری ڕێككەوتوون، ئەوەی لە دەستورێكدا كۆكراوەتەوە و لەلایەن عێراقییەكانەوە قبوڵكراوە، پەیوەندییەكانی نێوان دەسەڵاتە فیدراڵییەكان و هەرێمەكان رێكدەخات، دادگای باڵای فیدراڵی دەیەوێت ئەوەی لە دەستور و یاساكانی كارپێكراودا هاتووە جێبەجێی بكات".

سەرۆكی دادگای باڵای فیدڕاڵی دەڵێت "دادگا پەرۆشی باڵادەستی بنەماكانی دیموكراسی و بڕگەكانی دەستورە لە هەمو شتێكدا كە بڕیار دەدات، هەروەها پەرۆشی دەبێت بۆ بەدواداچوون بۆ میكانیزمەكانی جێبەجێكردنی بڕیارەكەی 21ی (شوبات/2)ی ئەمساڵ بە شێوەیەك كە دڵنیایی بدات لە گەیاندنی مووچە بە فەرمانبەران و تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی، كرێكاران و دامودەزگا ئەمنییەكان لە كاتی دیاریكراودا".

پەیوەست بە بڕیارەكەی دادگا لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، دادوەر جاسم عمێری وتویەتی، "بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی كە تایبەتە بە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ئامانجی پاراستنی بەرژەوەندی گشتی و بەدیهێنانە لە دادپەروەری كۆمەڵایەتی، وەزارەتی دارایی فیدڕاڵیش هەماهەنگی ڕاستەوخۆی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابوری لە حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیە سەبارەت بە بابەتی بڕیارەكە و دانانی چوارچێوەیەك بۆ جێبەجێكردنی بڕگەكانی بڕیارەكە بە شێوەیەك كە پارێزگاری لە بەردەوامی خەرجكردنی موچە بەبێ وەستان بە هۆكاری تەكنیكی یان ڕێكارەكانی دیكە بكات".

سەرۆكی دادگای فیدراڵی ئەوەشی راگەیاندووە" پڕۆسەی جێگیركردنی مووچە (تەوتین) رەنگە كاتێكی زۆری بوێت بۆیە مووچە بە كاش خەرج دەكرێت، تا ئەو كاتەی  فەرمانبەران رێكارە تەكنیكییەكانیان لەو رووەوە تەواو دەكەن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن