پارتی لەنێوان بایكۆتی هەڵبژاردن و پاشەكشەكردن لە پرۆسەی سیاسی

ڕاپۆرت

20/03/2024     ژمارەی بینراو 267

راچڵەكین- 
پارتی دیموكراتی كوردستان لە 18ی ئاداری 2024، بڕیاریدا بایكۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكات كە وابڕیارە لە 10ی حوزەیرانی داهاتوو بەڕێوەبچێت، وێڕای هەڕەشەی پاشەكشەكردن لە پرۆسەی سیاسی عیراق. 

ئەم هەڵوێستەی پارتی دیموكراتی كوردستان، وەك ناڕەزایی بوو بەرامبەر بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی عیراق كە11 كورسییەكەی كۆتای پەرلەمانی كوردستانی نەهێشت و هەرێمی كوردستانی كرد بە چوار بازنەنەوە لە هەڵبژاردندا، وێڕای بڕیارەكانی پەیوەست بە مووچەی فەرمانبەران و تەوتینكردنی لە بانكە عیراقییەكان و رەتكردنەوەی "هەژماری من" كە ئەمەش بە بۆچوونی هەندێك سەبارەت بە حزبەكە "وەك لێدانێكی كەمەرشكێن بوو كە بەردەوام هەوڵی بۆ هێشتنەوەی (هێز) و (پارە) داوە لە دەستی خۆی". 

"پارتی دەسەڵاتەكەی ناكاتە قوربانی" 
سەردار مستەفا، شرۆڤەكاری سیاسی پێیوایە هەرگیز پارتی دیموكراتی كوردستالن، وەك رەوتی سەدر قوربانی بە دەسەڵات نادات و واز لە دەسەڵات ناهێنێت، لەو بارەیەوە بۆ ماڵپەڕی (بغداد الیوم)ی عیراقی رایگەیاندووە:"پارتی دیموكراتی كوردستان وەك رەوتی سەدر قوربانی بە دەسەڵات نادات و واز لە دەسەڵات ناهێنێت، بڕیارەكەی بۆ بایكۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و پاشەكشەكردن لە پرۆسەی سیاسی عیراق، تەنیا وەك ئامرازێكە و بۆ گوشتارخستنە سەر حكومەت و چوارچێوەی هەماهەنگی و دادگای فیدراڵی بەكاریدەهێنێت". 

 بە وتەی سەردار مستەفا:" پارتی وەك رەوتی سەدر ناكات كە پاشەكشەی لە پەرلەمان كرد و وازی لە دەسەڵات هێنا، ئەو هەرگیز قوربانی بە دەسەڵات نادات، چونكە پۆستەكانی لە بەغدا و هەرێمی كوردستان لەدەستدەدات، بۆیە پاشەكشەكردنەكەی كاتییە و لە دوای بەدیهاتنی ئامانجی پاشەكشەكردنەكەی، دەگەڕێتەوە".  

"پارتی رووبەڕووی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵ رادەوەستێت" 
هەر لەو بارەیەوە، رێبوار محەمەد ئەمین، پەرلەمانتاری پێشووی كۆمەڵی دادگەری ئیسلامی پێیوایە، پاشەكشەكردنەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵًبژاردنی پەرلەمانی كوردستان "بۆ جوڵاندنی هەستی هاووڵاتیانە". 
رێبوار محەمەد ئەمین رایگەیاندووە"پاشەكشەكردنی پارتی و ئەو راگەیاندنەی بڵاویكردەوە، وەك رووبەڕووبوونەوەی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵە كە باڵاترین دەسەتە، ئەمەش بە هەنگاوێكی مەترسیدار دادەنرێت". 

رێبوار محەمەد ئەمین پێیوایە"پارتی دركی بەوەكردووە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەئێستادا لە بەرژەوەندی حزبەكەی نییە، بەو هۆیەی هاووڵاتیان داخ لەدڵن بەرامبەر بە دەسەڵات، بەهۆی بوونی گەندەڵییەكی زۆر، بۆیە دەیەوێت هەستی هاووڵاتیان بجوڵێنێت، بە دروشمەكانی مەزڵومیەتی كورد و پرسی قەوارەی دەستوری هەرێمی كوردستان، وەك هەوڵێك بۆ راكێشانی هەستی هاووڵاتیان بەلای خۆیدا و دروستكردنی كاریگەریی لەسەر بڕیارەكانی داهاتووی دادگای فیدراڵ". 

پارتی: دەستور پێشێلكراوە 
پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، "ئەوان نایانەوێت شەرعیەت بدەت بە هەڵبژاردنێكی نادەستوری و نا دیموكراتی"، رەخنەش دەگرێت لە "هەموو پێشلكارییە دەستورییەكان كە لەلایەن دادگای فیدراڵەوە دژ بە هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستنورییە گشتییەكانی دەكرێت". 

پارتی رەخنە لە "دەستكارییە نادەستورییەكانی یاسای هەڵبژاردنی خولیە شەشەمی پەرلەمانی كوردستان" دەگرێت، بە تایبەت ماددەكانی تایبەت بە دیاریكردنی بازنەكانی هەڵبژاردن و كۆتا (پشكی پێكهاتەكان) و ژمارەی كورسییەكانی، لەگەڵ لایەنی سەرپەرشتیاری هەڵبژاردن و لایەنی پسپۆڕ لە داننان بە تانەكانی هەڵبژاردن". 

پارتی دیموكراتی كوردستان، وێڕای راگەیاندنی بایكۆتكردنی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان، هەڕەشەی پاشەكشەكردنی لە پرۆسەی سیاسی عیراقیش كردووە، گەر بەغدا "دەستور جێبەجێ‌ نەكات". 

پارتی: پێشی خۆمان بە باشی دەبینین 
هەر لەو چوارچێوەیەدا ئەندامێكی كۆمیتەی ناوەندی پارتی سەبارەت بە كشانەوەی حزبەكەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاندووە،" راگەیەندراوەكەی مەكتەبی سیاسی پارتی ئەوەی روونكردووەتەوە، كە بەشداریی نەكردنیان پەیوەندی بە بەرژەوەندییە باڵاكان و پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستانەوە هەیە. دووپاتیشیكردەوە، كە "پارتی حزبێكی ئاسان نییە". 

ئاری نانەكەلی، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان بە كەناڵی (كوردستان24)ی نزیك لە حزبەكەی راگەیاندووە"پارتی بە پێویستی زانی بڕیاری كشانەوە بدات و نەچێتە ژێرباری بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی، پارتی خاوەنی ئەزمونێكی دوور و درێژی سیاسیی و چەكدارییە، حزبێكی ئاسان نییە و پێشی خۆی بە باشی دەبینێت".

بە وتەی نانەكەلی"بڕیاری كشانەوەی پارتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پەیوەندییەكی گرنگی بە هەرێم و خەڵكی كوردستانەوە هەیە، بۆیە پێكهاتەكانی كوردستانیش هاتنە ریزی پارتی و پشتگیرییان لە هەڵوێستەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد، چونكە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی دەرهەق بە پارتی نییە و بەڵكو دژی هەرێمی كوردستانە". 

پارتی دیموكراتی كوردستان پێیوایە، "لەدوای بەیاننامەكەی مەكتەبی سیاسی حزبەكەی و راگەیاندنی هەڵوێستی فەرمی لەبارەی پێشێلكارییە بەردەوامەكانی دادگای فیدراڵی لە دژی هەرێمی كوردستان، پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان و عیراق دەچێتە قۆناغێكی نوێ و هۆكارەكانیش بۆ كوردستانیان و عیراقییەكانیش روونە". 

وتەبێژی نوسینگەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانیش وایدەبینێت، بایكۆتكردنی حزبەكەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بانگەشەیە بۆ پابەندبوون بە دەستورەوە، رەتیشیدەكاتەوە "هەڕەشە" بێت. 

ماڵپەڕی (الشرق) لە زاری خالیدە خەلیل، وتەبێژی نوسینگەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بڵاویكردووەتەوە"، بایكۆتكردنی حزبەكەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بانگەشەیە بۆ پابەندبوون بە دەستور و لە چوارچێوەی نوێنەرایەتیكردنی هەموو پێكهاتەكانی گەلی عیراقدایە و لە هەمان كاتدا هەڕەشە نییە".

پارتی دیموكراتی كوردستان، وەك ناڕەزایی بەرامبەر بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵ سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بڕیاریدا بایكۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكات، لە هەمان كاتدا هەڕەشەی پاشەكشەكردنی كرد لە پرۆسەی سیاسی عیراق، خراپترین سیناریۆش بۆ بەشدارینەكردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، كاردانەوەی نەرێنی نێوخۆیی و عیراقی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتییە بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان، لە هەمان كاتدا پاشەكشەكردنی لە پرۆسەی سیاسی عیراق، كشانەوەی پەرلەمانتار و وەزیرەكانی دەگەیەنێت لە عیراق، وێڕای دەستبەرداربوونی لە زۆرێك لە پۆست و بەرژەندییەكانی حزبەكە كە بە بۆچوونی سیاسەتوان و شرۆڤەكاران "پێناچێت پارتی دەستبەردارییان ببێت". 
      




داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن