"لە ماوەی یەك هەفتەدا تەواوی مووچەی فەرمانبەران دابەشدەكرێت"

ئابوری

22/03/2024     ژمارەی بینراو 2384


راچڵەكین- 
میدیای گۆڕان، ئاماژە بە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو دەكات بۆ  دەستكردن بە دابەشكردنی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران و مووچەخۆران و دەڵێت، لە ماوەی یەك هەفتەدا دابەشكردنی مووچە تەواو دەبێت.

ماڵپەڕی كەناڵی (كەی ئێن ئێن)ی سەر بە بزوتنەوەی گۆڕان بڵاویكردەوە، دوای ئەوەی هەرێم داوای پڕكردنەوەی ئەو كورتهێنانەی كرد كە بۆ مووچەی مانمگی شوبات بۆی دروست ببو، سەرۆك وەزیرانی عێراق بەڵێنی بە هەرێم داوە كێشەكەیان بۆ چارەسەر بكات.

ماڵپەڕەكە نوسیویەتی"بەڵام لە نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراقەوە داوا لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كراوە، بۆچارەسەری مووچەی هێزە ئەمنییەكان پێویستە هەرێمی كوردستان تەنها كۆدی هێزە ئەمنییەكان بنێرێت پارەكەیان بۆ خەرج دەكرێت".

بە گوێرەی هەواڵ، رۆژی چوارشەممە وەزارەتی دارایی دەستیكردووە بە ئامادكردنی كۆدی هێزە ئەمنییەكان و رۆژی پێنجشەممە لیستی كۆدی سەرجەم هێزە ئەمنییەكان رەوانەی بەغدا كراوە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عیراقیش خۆی چاودێری پرۆسەكە دەكات و بەڵێنی داوە سەرەتای هەفتەی داهاتوو تەواوكاری ئەو پارەیەی هێزە ئەمنییەكان رەوانەی هەرێم بكات، كە لە لیستی مووچەی مانگی شوبات پارەیان بۆ نەهاتووە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی هەرێم بە (كەی ئێن ئێن)ی راگەیاندووە"بە گەیشتنی پارەكە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو دابەشكردنی مووچەی مانگی شوبات دەستپێكدەكەن و لەماوەی یەك هەفتەدا مووچەكە دابەشدەكەن". 


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن