بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی دادگای فیدراڵی پەیامێك بڵاودەكاتەوە

کوردستان

22/03/2024     ژمارەی بینراو 1568

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

راچڵەكین -

سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پشتیوانی خۆی بۆ بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی و ڕۆڵی لە پاراستنی دەستوور، دادپەروەری و سیستمی دیموكراسی دووپات دەكاتەوەو رایدەگەیەنێت: سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری یەكێكە لە پایە بنەڕەتییەكانی سیستمی دیموكراسی و رەوتی حوكمڕانی وڵاتانی پێشكەوتوو، هەموو ناوزڕاندن و مامەڵەیەكی خراپیش بەرامبەر دادگای باڵای فیدراڵی رەتدەكەینەوە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، لەو پەیامەیدا كە ئەمڕۆ هەینی بڵاویكردووەتەوە، داواش دەكات پێكەوە كاربكەن بۆ بەهێزكردنی روحییەتی هانابردن و ڕێزگرتنی ڕەها بۆ یاسا و جێگیركردنی سەربەخۆیی و بێلایەنی دەسەڵاتی دادوەری، كە سەرۆك مام جەلال رۆڵی گرنگی هەبووە لە چەسپاندنیدا لە چوارچێوەی دەستووری عیراقدا.

دەقی پەیامەكە:

سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری یەكێكە لە پایە بنەڕەتییەكانی سیستمی دیموكراسی و رەوتی حوكمڕانی وڵاتانی پێشكەوتوو. چەسپاندنی سەروەری یاسا و دادپەروەری لە پایەكانی سەقامگیری سیاسی و كۆمەڵایەتین كە زامنی مافی هاووڵاتیان و كۆمەڵگەیە لە عیراق و هەرێمی كوردستان.

لە كاتێكدا ئێمە پشتیوانی خۆمان بۆ بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی و ڕۆڵی لە پاراستنی دەستوور، دادپەروەری و سیستمی دیموكراسی دووپات دەكەینەوە، هەموو ناوزڕاندن و مامەڵەیەكی خراپیش رەتدەكەینەوە بەرامبەر دادگای باڵای فیدراڵی، كە دادگایەكی سەربەخۆ و پیشەییە كە بەشداری كارایە لە پاراستنی سیستمی سیاسی لە عیراقدا و پاراستنی سەربەخۆیی ئەوەش لەقوڵایی ئەركە دەستووریی و نیشتمانییەكانە.

دەسەڵاتی دادوەری عیراقی بە سەربەخۆییەكەی ناسراوە و رێزگرتن لەوسەربەخۆییەش رەنگدانەوەی پێشكەوتنی كۆمەڵگەیە و فاكتەرێكی گرنگە كەهاوڵاتیان لەسایەیدا هەست بەسەقامگیری، ئاسایش، ئۆقرەیی و زامنی مافەكانیان دەكەن.

با پێكەوە كاربكەین بۆ بەهێزكردنی روحییەتی هانابردن و ڕێزگرتنی ڕەها بۆ یاسا، سەربەخۆیی و بێلایەنی دەسەڵاتی دادوەری جێگیر بكەین، كە سەرۆك مام جەلال رۆڵی گرنگی هەبووە لە چەسپاندنیدا لە چوارچێوەی دەستووری عیراقدا.

بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن