رووسیا گومانی هەیە دا-عش دەستی لە هێرشەكەی مۆسكۆدا هەبووبێت

جیهان

25/03/2024     ژمارەی بینراو 255


راچڵەكین-  

رووسیا گومانی هەیە بەرامبەر بە راگەیاندنەكەی رێكخراوی دا-عش كە بەرپرسیارێتی هێرشەكەی سەنتەری "كرۆكۆس"ی خستبووە ئۆباڵی خۆی.

ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسانی رووسیاوە بڵاویكردووەتەوە، رووسیا گومانی هەیە بەرامبەر بە دووپاتكردنەوەی ئەمریكا سەبارەت بەوەی داعش بەرپرسە لە هێرشە چەكدارییەكەی سەر سەنتەر و هۆڵی كۆنسێرتی كرۆكۆس لە نزیك مۆسكۆ كە بووە هۆی كوژرانی 137 كەس و برینداربوونی 182 كەسی دیكە.

داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەكە راگەیاند، باڵیۆزخانەی ئەمریكاش لە مۆسكۆ باسی لەوەكردبوو كە زانیاریی پێشوەختەيان هەبووە لەوەی كە گروپە چەكدارەكە بەنیازی هێرشێكی لەو جۆرەبوون و لەو بارەیەشەوە مۆسكۆی ئاگاداركردووەتەوە. 

ڤلادیمێر پوتین، سەرۆكی رووسیا لە وتارێكیدا لەدوای هێرشەكە، دەستی تۆمەتی بۆ ئەو گروپە چەكدارە ئیسلامییە درێژنەكرد، كە بە وتەی ئەو "ئەنجامدەرانی هێرشەكە هەوڵی هەڵاتنیان داوە بۆ ئۆكراینا". 

پوتین رايگەياندبوو، هەندێك كەس لە "لایەنی ئۆكراینا ئامادەن چەكدارەكان بگوازنەوە بۆ ئەودیووی سنوورەكان"، ئۆكرايناش رەتیكردەوە هیچ ڕۆڵێكی هەبوبێت لە هێرشەكەدا و ڤۆلۆدیمیر زێلێنسكی سەرۆكى وتەڵاكەش پوتینی تۆمەتباركرد بەوەی كە هەوڵدەدات بە ئاماژەكردن بە ئۆكراینا ئاراستەى سەرەكى تۆمەتى هێرشی هۆڵی كۆنسێرتەكان بەرەو ئۆكراینا بگۆڕێت.

پێشتر میدیاكانی رووسیا ناسنامەی ئەو كەسانەیان ئاشكراكردبوو كە "هاووڵاتی تاجیكستان، كۆماری سۆڤیەتی پێشووی بوون و لە رووسیا دەژیان". 

ماوەی بیست ساڵی رابردوودا، رووسیا لە شەوی هەینی رابردوو دووچاری خوێناویترین هێرشی ناوخۆیی بووەوە، كاتێك چوار كەس هەڵیانكوتایە سەر هۆڵی "كرۆكۆس" و تەقەیان لە خەڵك كرد، بەر لەوەی ئاهەنگی گروپی رۆكی پیكنیك كە مێژووەكەی بۆ سەردەمی سۆڤیەت دەگەڕێتەوە، گۆرانییەكەیان بە ناوی " لە هیچ دەترسان"پێشكەش بكەن.

چوار پیاو كەس كە یەكێكیان تاجیكییە، بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیركران و هەریەك لە دەستگیركراوەكانیش جیابەجیا دەركەوتن، بەر لەوەی لەلایەن ئەفسەرانی فیدراڵییەوە بەرەو قەفەسی دادگای ناوچەی باسمانی لە مۆسكۆ راپێچ بكرێن. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن