سەرۆكی حكومەتی هەرێم پەیامێك بڵاودەكاتەوە

کوردستان

26/03/2024     ژمارەی بینراو 459

راچڵەكین -

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت: سبەینێ لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیارێك لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان دەدەین و واز لە مافی دەستووریی خۆیشمان ناهێنین.

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، مەسرور بارزانی، لەمیانی بەشداریكردنی لە ئێوارەخوانێكی بەربانگ كە لە یەكێك لە مزگەوتەكانی شاری هەولێر بەڕێوەچوو، رایگەیاند: سبەینێ لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیارێك لە بەرژەوەندی هەموو خەڵكی كوردستان دەردەكەین.

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان وتی:" سوپاسێكی بێ پایانی خەڵكی كوردستان دەكەم بۆ خۆڕاگریی و پشوودرێژییان و پشتیوانی و متمانەیان بە ئێمەو بە حكومەتەكەی خۆیان، كە ئەو ماوەیە بارودۆخێكی ناخۆش بۆ خەڵكی كوردستان هاتووەتە پێشەوە، بەتایبەتی كە بەهۆكاری جیاواز هەوڵدراوە مووچەی هەرێمی كوردستان نەنێردرێت و بودجەی هەرێمی كوردستان دابین نەكرێت و بەو هۆیەشەوە كێشەو گرفتی ئابووری بۆ خەڵكی كوردستان زیاتر بووە".

مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشكرد كە خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان هەرێمی كوردستان وایكردووە ئێمە بتوانین بەردەوامبین لە خزمەتكردن، راشیگەیاند: دەمەوێ دڵنیاتان بكەمەوە ئەوەی لە توانای ئێمەدایە دەیكەین بۆئەوەی ئەم كێشەو گرفتانە چارەسەر بكەین و بگەینە ئەنجامێك كە لەكۆتاییدا لە بەرژەوەندی خەڵكی هەرێمی كوردستان و هەموو عیراقیشدا بێت، بێ ئەوەی ئێمە بەهیچ جۆرێك واز لەهیچ مافێكی دەستوریی خەڵكی خۆمان بهێنن.

سەرۆكی حكومەتی هەرێم هۆشداری ئەوەیدا كە ماوەیەكی زۆر پلانێك هەیە بۆ ئەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان نەمێنێت، یاخو لاواز بكرێت، پلانەكەش بەشێوازی جۆراوجۆر جێبەجێ كراوە، جێگەی داخیشە هەندێك بیروبۆچوونی ناحەز توانیویانە بەوشێوەیە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكەن و لەناوخۆی هەرێمیش یارمەتی ئەو بۆچوونە شۆڤینییە دراوە كە رێگە خۆشبكەن قەوارەی هەرێمی كوردستان و دەستكەوتەكانی هەرێمی كوردستان لەناوببەن، یاخود لاوازی بكەن.

مەسرور بارزانی جەتی لەوە كردەوە كە دروستبوونی هەرێمی كوردستان بەم شێوازەی كە هەیە، بەرهەمی خەباتی خەڵكی ئێمەو خوێنی شەهیدەكانمانەو كەس خێری پێ نەكردووین، وتیشی:" داوایەكی برایانەم لەهەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان هەیە، كە هەموویان واز لە بەرژەوەندی كەسی و حیزبی خۆیان بهێنین، واز لەوە بێنن كە پێیان وابێت لایەنێك سوودمەند بێت بەسەر لایەنێكی تر ئەوە دەستكەوتە، بەهیچ جۆرێك ئەمە دەستكەوت نییە، ئێمە ئەوكاتە دەتوانین دەستكەوتمان هەبێت، كە خزمەتی هەموو خەڵكی كوردستان بكەین بەبێ جیاوازی و بتوانین پارێزگاری لە مافە دەستورییەكانمان بكەین.

سەرۆكی حكومەتی هەرێم رەخنەی لە خراپیی ئیدارەجدانی دەوڵەتی عیراق گرت و وتی:" عیراق وڵاتێكی دەوڵەمەندە، بەڵام بەداخەوە ئیدارەیەكی باشی داهات و سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە نەكراوە، ئەگینا ئێمە دەمانتوانی ببین بە یەكێك لە باشترین وڵاتەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".

سەبارەت بە كێشەكانی هەرێمیش مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەكرد كە ئێمە تەنیا كێشەی مووچەمان نییە، بەڵكو كێشەی نەتەوەیی و ناسنامەو خاكمان هەیە، دەبێ هەموو ئەو مافانە دەستەبەر بكەین.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن