كۆمسیۆن وەڵامی داواكارییەكانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دەداتەوە

کوردستان

پێش 4 هەفتە     ژمارەی بینراو 318

راچڵەكین-

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق رایدەگەیەنێت، گرفتی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری دەنگدەر ئاساییەو لە 15% تێنەپەڕاندەوە و ستانداردی جیهانییە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق وەڵامی داواكاری سەرۆكایەتی هەرێمی دایەوە سەبارەت بەژمارەی كورسیەكانی پارێزگای هەڵەبجەو نەخوێندنەوەی پەنجەمۆرو چەند داوایەكی تر.

جومانە غەلای وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق بەمیدیای فەرمی یەكێتی راگەیاندووە:" نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری دەنگدەران بەپێی ستانداردی جیهانی، پێویستە لەنێوان %9 بۆ %15 بێت، كەبێگومان لە هیچ پارێزگایەكی هەرێمی كوردستان نەگەیشتووەتە ئەو رێژەیە و لەپارێزگای هەولێر كە 962239 دەنگدەری هەیە، تەنها %14 دەنگدەر پەنجەمۆریان ناخوێندرێتەوە، هاوكات لەپارێزگای سلێمانی كە 1113302 دەنگدەری تێدایە تەنها %13 ی پەنجەمۆریان ناخوێندرێتەوە، لەپارێزگای دهۆكیش كە 708011 دەنگدەری هەیە، تەنها %11 دەنگدەر پەنجەمۆریان ناخوێندرێتەوە"..

وتیشی:"لەدوای بەدواداچوون و پشتبەستن بە بڕ‌یارەكانی دادگای فیدراڵی بۆ پرسی كورسییەكانی پارێزگای هەڵەبجە دەركەوت 79729 دەنگدر لەپارێزگاكە هەن، بەوپێیەش هەڵەبجە 3 كورسی بەردەكەوێت، هاوكات 5 بنكەی تۆماركردنیشی دەبێت"

جومانە غەلای رایگەیاند: "كۆمسیۆن هاوڕ‌ایە لەگەڵ داواكەی سەرۆكایەتی هەرێم كە پێویستە لەدوای هەڵبژاردن لەماوەی 24 سەعاتدا ئەنجامی سەرەتایی هەڵبژاردن و ئەنجامی كۆتایی وێستگەكان بڵاوبكاتەوە، بۆ ئەمەش هەموو هەوڵێك دەدەین".

سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لەنوسراوێكدا داوای لەكۆمسیۆن كردوە، كە كێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری دەنگدەران و زیادكردنی كورسییەكانی هەڵەبجە چارەسەربكرێت، هاوكات داواشیكردووە بەڕ‌ێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردن لەسەرەتا تا كۆتایی لە پارێزگای هەولێر بەڕ‌ێوەبچێت و هەژماری دەنگەكانیش هەر لەو پارێزگایەدا بكرێت، هەروەها داواشیكردووە لەماوەی 24 سەعاتدا كۆمسیۆن بەڕ‌ە‌سمیی ئەنجامە سەرەتاییەكان رابگەیەنێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن