نوێترین هەڵوێستی مەسعود بارزانی لەبارەی بەشداریكردنی پارتی لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان

کوردستان

پێش 4 هەفتە     ژمارەی بینراو 318

راچڵەكین-

سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت، لە 1991ـەوە پارتی هەمیشە لە هەڵبژاردنەكاندا دەنگی یەكەمی هێناوە.

بارەگای بارزانی بڵاویكردووەتەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، لەسەڵاحەدین مەسعود، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان پێشوازی لە ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عیراق كرد.

وەك لەراگەیەندراوەكەدا هاتووە، پەیوەست بە بابەتی هەڵبژاردن، مەسعود بارزانی ئەوەی دووپاتكردەوە "هەر لە 1991ـەوە پارتی دەستپێشخەری هەڵبژاردن و گواستنەوەی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی بۆ شەرعیەتی یاسایی بووە و هەمیشەش لە هەڵبژاردنەكاندا دەنگی یەكەمی هێناوە. ماوەی دووساڵە كە هەڵبژاردنەكان بە بیانووی جۆراوجۆری سیاسی و هاندانی دەرەكی دوادەخرێت، ئێستاش كە بە بڕیاری سیاسی دادگەی فیدڕاڵ و بەپێی ئەجێندای دەرەكی دەسكاریی یاسای هەڵبژاردن كراوە، ئینجا دەڵێن با هەڵبژاردن بكرێت".

مەسعود بارزانی، ئاماژەی بەوەشكردووە:"ئێمە خوازیاری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنین، بەڵام دوور لە دەستێوەردانی دەرەكی و بڕیارە سیاسییە مەبەستدارەكانی دادگەی فیدڕاڵ كە ئامانج لێی شكاندنی پارتی بێت". سەرۆك بارزانی ڕاشیگەیاند، "ئێمە ناچینە ژێر باری بڕیاری نادەستووری دادگەی فیدڕاڵ كە تێیدا دادگە خۆی خستووەتە جێگەی دەستەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردن". هەروەها ئەوەشی دووپاتكردەوە، "تێبینی و داواكارییەكانی پارتی یاسایی و لە چوارچێوەی دەستوور و لەپێناو بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی ڕاست و ڕەوا و بێگەردە". 

سەرۆكی پارتی لەبەشێكی تری قسەكانیدا ئەوەی روونكردووەتەوە:" ناكرێ مامەڵەی سیاسیانە لەگەڵ بودجە و قووتی خەڵكی كوردستان بكرێت بۆ لاوازكردن و شكاندنی ئیرادەی گەلی كوردستان، بەپێویستی زانی كە چارەسەرەكی یەكلاكەرەوە بۆ بابەتی بودجەی هەرێم دابنرێت". ئەوەشی بۆ شاندی میوان ڕوونكردەوە كە "ئێمە پشتئەستوورین بە ڕەوایەتیی دۆزی گەلەكەمان و هەرێمی كوردستان بە خوێن و فرمێسكی گەلی كوردستان دروست بووە نەك بە بڕیاراتی دەرەوەی ئیرادەی گەلی كوردستان".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن