هۆڵەندا.. سەركردەی حزبێك بەتۆمەتی سووكایەتیكردن بە قورئان دەستگیر دەكرێت

جیهان

پێش 4 هەفتە     ژمارەی بینراو 153

راچڵەكین -

پۆلیسی هۆڵەندا سەركردەی حزبێكی دژە ئیسلام بە تۆمەتی سووكایەتیكردن بە قورئان دەستگیر دەكات.

میدیاكانی هۆڵەندا بڵاویانكردەوە، هێزەكانی پۆلیس لە شاری ئارنهایم، ئیدوین فاگنسفیلد، سەركردەی بزووتنەوەی بیگیدا-یان دەستگیركرد، بە تۆمەتی سووكایەتیكردن بە قورئان.

پۆلیسی شاری ئارنهایم ئاماژەی بەوەكردووە، سەركردەی بزووتنەوەی بیگیدا، سەرباری ئەوەی هاتنی بۆ شارەكە بۆماوەی شەش مانگ لێ قەدەغە كرابوو، بەڵام هاتووەتە شارەكەو لە یەكێك لەشەقامە گشتییەكان رەفتارێكی ناشیرینی بەرامبەر كۆپییەكی قورئان نواندوووە، بەوهۆیەشەوە دەستگیركراوە.

ئیدوین فاگنسفیلد، كە پێشتر چەند جارێك بەهۆی سووتاندنی قورئان، لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیركراوە، هەفتەی رابردوو جارێكی دیكە هەڕەشەی سووتاندنی كۆپییەكی قورئانی كردبوو، بەوهۆیەشەوە شارەوانی ئارنهایم بڕیاریدا بۆماوەی شەش مانگ هاتنی ئەو كەسە بۆ شارەكە قەدەغە بكات.

وەك پۆلیسی شارەكە ئاماژەی پێكردووە، سەركردەی بزووتنەوەی بیگیدا، بەبیانووی ئامادەبوون لە دانیشتنێكی دادگا تایبەت بە تانەگرتن لە بڕیارەكەی شارەوانی، هاتووەتە شارەكەو جارێكی دیكە سووكایەتی بە قورئان كردووە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن