وەزیرێكی حكومەتی هەرێم: بۆ مووچە 200 ملیار دينار كورتهێنان هەیە

ئابوری

پێش 4 هەفتە     ژمارەی بینراو 503


راچڵەكین- 
وەزیرێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، حكومەت بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی (شوبات/2)ی 2024 كە بڕیاری دابەشكردنی داوە، 200 ملیار دینار كورتهێنانی هەیە، بەو پێیەی داهاتی ناوخۆ كەمبووەتەوە و ئەو پارەیەی لە عیراقیشەوە نێردراوە بەشی تەواوی  مووچەی مووچەخۆران ناكات.

وەزیرەكەی حكومەتی هەرێم بەو مەرجەی ناوی ئاشكرا نەكرێت  بە دەنگی ئەمریكای راگەیاندووە"مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە كۆبونەوەی رۆژی چوارشەممەی ئەنجومەنی وەزیراندا، لایەنە حكومییەكانی ڕاسپارد بەهەر شێوازێك بێت، تەنانەت قەرزیش بێت، ئەو 200 ملیار دینارە دابین بكەن و مووچەی مانگی دوو دابەشبكەن، دابەشكردنی مووچەی مانگی شوبات بڕیاری لێدرا و دابەشدەكرێت، بەڵام هێشتا بەرچاو ڕونی نییە بۆ مووچەی مانگی سێ بەوەی عیراق گرفت دروستدەكات یاخود نا". 

دوێنێ چوارشەممە دوای تەواوبونی كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێم، مەسرور بارزانی رایگەیاند، "وەزارەتی داراییم راسپارد بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی دوو و ئامادەكاریكردن بۆ دابینكردنی مووچەی مانگی سێی فەرمانبەران، حكومەتی فیدڕاڵیش دەخەینە بەردەم بەرپرسیارێتی دەستوری و ئەخلاقی كە ئەو بەڵێنەی بە ئێمەیان داوە جێبەجێی بكەن بۆ دابینكردنی موچەكان".

وەزیرەكەی حكومەتی هەرێم دەڵێت"لیستی مانگی سێی مووچەخۆرانی هەرێم رەوانەی عیراق دەكەین، عیراق بڕی 618 ملیار دینارەكە دەدات، بەڵام داوای لیستی ناوی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان دەكات تا كۆی پارەكە بدات كە سەروی 900 ملیار دینارە، عیراق بەڵێنیداوە مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانیش لەسەر بنەمای كۆدی بایۆمەتری بدات، حكومەتی هەرێمیش بەمە رازییە، بەڵام كێشەكە ئەوەیە بەڵێنەكانی حكومەتی عیراق زۆر جێگای پشتپێبەستن نین".

حكومەتی هەرێمی كوردستان دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 50 رۆژ، بڕیاریدا مووچەی مانگی دوو دابەشبكرێت، ئەمەش لەكاتێكدایە كە حكومەتی هەرێم لە ساڵی 2024 تەنیا یەك مووچەی دابەشكردووە، وێڕای پشتگوێخستنی دابەشكردنی مووچەی سێ‌ مانگی كۆتایی ساڵی رابردوو.  

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن