ئەو كەسەی قورئانی پیرۆزی سوتاند سویدی بەجێهێشت و رووی لە وڵاتێكی تر كرد

ڕاپۆرت

پێش 4 هەفتە     ژمارەی بینراو 384


راچڵەكین- 

دوای ئەوەی لە ساڵی رابردوودا تەوژمێكی توڕەیی دروستكرد بەهۆی سوتاندنی قورئانی پیرۆز، سەلوان مۆمیكا پەنابەری عیراقی لە سوید رایدەگەیەنێت، لە ئاكامی هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی مانەوە، سویدی بەجێهێشتووە و چووەتە نەرویج.  

مۆمیكا كە مەسیحییەكی عیراقییە و چەند جارێك لە هاوینی 2023 لە سوید قورئانی پیرۆزی سوتاند، بە ئاژانسی (فرانس پرێس)ی راگەیاندووە"گەیشتووەتە نەرویج و دەیەوێت داواكاریی پەنابەری پێشكەش بكات". 

مۆمیكا لە پەیامێكیدا دەڵێت:"بەو هۆیەی لەلایەن دامەزراوە حكومییەكانەوە بێزاركراوە، سویدی بەجێهێشتووە". 

سوتاندنی قورئانی پیرۆز، تەوژمێكی ناڕەزایی لە چەندان وڵاتدا دروستكرد، لە عیراقیش خۆپیشاندەران لە بەغدا دوو جار پەلاماری باڵیۆزخانەی سویدیاندا و لە جاری دووەمدا باڵیۆزخانەكەیان سوتاند. 

حكومەتی سوید ئیدانەی سوتاندنی قورئانی پیرۆزی كرد، بەڵام جەختی لەسەر پابەندبوون بە یاساكانی پەیوەست بە ئازادی گردبوونەوە و رادەربڕین لەسەر خاكی وڵاتەكەی كردەوە. 

دەزگا هەواڵگرییەكانی سوید، ئاستی ئامادەباشییان لەبەرامبەر مەترسی تیرۆریستی بۆ پلەی چوارەم بەرزكردەوە، دوای ئەوەی رووبەری خۆپیشاندانەكان فراوانتر بوون و رایانگەیاند كە "سوید دەكرێتە ئامانجی سەرەكی".   

ئاژانسی كۆچی سویدی، لە تشرینی یەكەمی رابردوو، مۆڵەتی مانەوەی مۆمیكای هەڵوەشاندەوە، باسی لەو زانیارییە درۆیانەش كرد كە لە یەكەم داواكاریی پەنابەریی لەلایەن مۆمیكاوە پێشكەش كرابوون، بەڵام مۆڵەتی مانەوەی كاتی پێبەخشی، بەو هۆیەی ناتوانرێت بگەڕێنرێتەوە بۆ عیراق. 

چەند مانگێك لەمەوبەر عیراق داواكاریی پێشكەش كرد، تا بەهۆی سوتاندنی قورئانی پیرۆزەوە مۆمیكای رادەستبكرێت.  

لەو بارەیەوە سەلوان مۆمیكا، دەڵێت:" لەو دەمەی بڕیاری دەركردنی دەرچووە و هەڕەشەی رادەستكردنەوەی لەسەرە، سوید بووەتە مەترسی بۆ ئەو"، "ئازادی رادەربڕین و پاراستنی مافی مرۆڤیشى لە سوید بە درۆیەكی گەورە" وەسفكرد. 
 

 
 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن