كارەبای عیراق بە وڵاتێكی دراوسێ دەبەسترێتەوە

عێراق

29/03/2024     ژمارەی بینراو 258

راچڵەكین -

وەزارەتی كارەبای عیراق رایدەگەیەنێت، لەسبەینێوە هێڵی كارەبای نێوان عیراق و ئوردن دەخرێتەكارو ئامانجیش لێی دابینكردنی 500 مێگاوات كارەبایە بۆ پارێزگای ئەنبار.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی وەزارەتی كارەبای عیراق كە ئەمڕۆ هەینی بڵاوكراوەتەوە، هێڵی گواستنەوەی كارەبای نێوان عیراق و ئوردن تەواوبووەو سبەینێ شەممە دەكەوێتەكارو بڕی 40 مێگاوات كارەبا لە ئوردنەوە بۆ قەزای روتبە لە پارێزگای ئەنبار دابیندەكرێت.

وەزارەتەكە ئاشكرایكردووە، درێژیی هێڵی كارەباكە 336 كیلۆمەترە، 330 كیلۆمەتر لەناو خاكی عیراقەو شەش كیلۆمەتریش لەناو خاكی ئوردنە، لە قۆناغی دووەمی پڕۆژكە، بڕی هاوردەكردنی وزەی كارەبا ئوردنەوە بۆ 150 مێگاوات زیاد دەكرێت و لە قۆناغی كۆتاییشدا بڕەكەی بۆ 500 مێگاوات زیاد دەكرێت، كە سەرجەمی بۆ ناوچەیكانی سنووری پارێزگای ئەنبار دەبێت.

ماوەی چەند ساڵێكە حكومەتی عیراق لەهەوڵی زیادكردنی بەرهەمی كارەبایە، یەكێك لەو پڕۆژانەش كە بڕیاری جێبەجێكردنی دابوو، بەستنەوەی كارەبای عیراق بوو بە وڵاتانی كەنداو، بەڵام بەهۆكاری جیاواز كە ئاشكرا نەكراوە، تائێستا پڕۆژەكە نەخراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن