دەستپێشخەرییەكی نوێ بۆ كۆتایی هاتنی شەڕی رووسیاو ئۆكراینا دەخرێتەڕوو

جیهان

29/03/2024     ژمارەی بینراو 356

راچڵەكین -

سەركردەی حزبێكی فەرەنسا، دەستپێشخەرییەكی نوێ بۆ كۆتایی هێنان بە شەڕی نێوان رووسیاو ئۆكرایناو بەرقەراركردنی ئاشتی لەناوچەكە، دەخاتەڕوو، هۆشداری ئەوەش بەردەوامبوونی شەڕەكە دەبێتە هۆی لەناوچوونی ئەوروپا.

نیكۆلا دوبون ئینیان، سەرۆكی حزبی راستەڕەوی هەستانەوەی فەرەنسا، لە لێدوانێكدا بۆ رادیۆی (ئەوروپا 1)، رایگەیاند: بۆ كۆتایی هێنان بە شەڕی نێوان رووسیاو ئۆكراینا، پێویستە دوو هەنگاو بگیرێتەبەر، یەكەمیان داماڵینی ئۆكرانیایە لە چەك، دووەمیش وەستانی ناتۆیە لە فراوانبوون بە ئاڕاستەی سنوورەكانی رووسیا.

ئەو سەركردەیەی فەرەنسا ئاماژەی بەوەكرد، بە گرتنەبەری ئەو دوو هەنگاوە، دەتوانرێت ئاشتی لەناوچەكە بەرقەرار بكرێت و ئەوروپاش لەو نەهامەتییە رزگار بكرێت كە بەهۆی هاوكاریكردنی ئۆكراینا بە چەك و پارەو پێشوازیكردن لە ملیۆنان ئاوارەی ئەو وڵاتە، تێی كەوتووە.

نیكۆلا ئینیان، هۆشداریشی دایە وڵاتانی ئەوروپا لە بەردەوامبوونی شەڕ و وتی:" وڵاتە هاوكارەكانی ئۆكراینا چیتر توانای بەرگەگرتنی لێكەوتە ئابووریی و سەربازییەكانی جەنگەكەیان نەماوەو ئەگەر بەخێرایی كۆتایی پێنەهێنرێت، ئەوروپا لەناودەچێت".

شەڕی نێوان رووسیاو ئۆكراینا كە پێی ناوەتە ساڵی سێیەمییەوە، تائێستاش بەردەوامەو سەرباری چەندین دەستپێشخەریی بۆ راگرتنی شەڕەكە، بەڵام بەهۆی پێداگریی حكومەتی كیێڤ لەسەر مەرجەكانی، كە بریتییە لە كشانەوەی تەواوی سوپای رووسیا لەخاكی وڵاتەكەی و قەرەبووكردنەوەی زیانەكانی شەڕ كە بەر ژێرخانی وڵاتەكەی كەوتووە، تائێستا رووسیا ئامادە نییە شەڕەكە رابگرێت. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن