زێلێنسكی پەیامێكی بەپەلە ئاڕاستەی ئەمریكا دەكات

جیهان

30/03/2024     ژمارەی بینراو 317

ڤۆلۆدیمێر زێلێنسكی، سەرۆكی ئۆكراینا


سەرۆكی ئۆكراینا مەترسی شكستهێنانیان لەشەڕی دژ بە رووسیا ئاشكرادەكات و رایدەگەیەنێت: ئەگەر ئەمریكا چەك و تەقەمەنیی پێویستمان بۆ رەوانە نەكات، هێزەكانمان خۆیان لەبەرامبەر هێرشەكانی سوپای رووسیا راناگرن.

ڤۆلۆدیمێر زێلێنسكی، لەبارەی دۆخی بەرەكانی شەڕ لەگەڵ سوپای رووسیا رایگەیاند: هێزەكانمان سەرەڕای كەمیی چەك و تەقەمەنیی پێویست، بەڵام بەرگرییەكی بێوێنە بەرامبەر هێرشەكانی رووسیا دەكەن.

سەرۆكی ئۆكراینا وتیشی:" باردۆخی بەرەكانی شەڕ زۆر دژوارە، ئەگەر ئەمریكا چەك و تەقەمەنیی پێویستمان بۆ رەوانە نەكات، هێزەكانمان خۆیان لەبەرامبەر هێرشەكانی سوپای رووسیا راناگرن و ناچار دەبن پاشەكشێ بكەن".

زێلێنسكی ئاشكرایكرد، بەهۆی بەردەوامبوونی شەڕ لەزۆربەی بەرەكان، سوپای ئۆكراینا بەدەست كەمیی مووشەك و ئامێری ئەلیكترۆنی و بەرگریی ئاسمانیی دەناڵێنێت، ئاماژی بەوەشكرد كە هەرچەندە وڵاتەكەی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی تایبەت بەخۆی بەرهەمدەهێنێت، بەڵام ئەو ژمارەیەی بەرهەمی دەهێنن، بەشیان ناكات و پێویستییان بە سیستمی زیاترو پێشكەوتووتر هەیە بۆ ئەوەی بتوانن بەر بە هێرشە بەردەوامەكانی سوپای رووسیا بگرن.

لێدوانەكەی سەرۆكی ئۆكراینا لەكاتێكدایە ئەمریكاو بەشێك لە وڵاتانی ئەوروپای ئەندام لە ناتۆ، بەڵێنیان داوە بەردەوام بن لە پێشكەشكردنی هاوكاری سەربازی و دارایی بەو وڵاتە، لەپێناو شكستپێهێنانی هێرشەكانی رووسیا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن