مەسعود بارزانی: بەئاشكرا پەنا بۆ دەستی دەرەكی و دادگای فیدڕاڵ بردرا بۆ ئەوەی كێشە بۆ هەڵبژاردن دروست بكرێت

کوردستان

01/04/2024     ژمارەی بینراو 214

راچڵەكین-

سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، بە ئاشكرا پەنا بۆ دەستی دەرەكی و دادگەی فیدڕاڵ بردرا بۆ ئەوەی كێشە بۆ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد دروست بكرێت.

بارەگای بارزانی بڵاویكردووەتەوە، ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویكردووەتەوە، مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە پێشوازی لە یان برایم، كونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر كرد.

وەك لەراگەیەندراوەكەدا هاتووە، كونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر وێڕای ئاماژەدان بە بایەخی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، وڵاتەكەی لەگەڵ ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان بەهێز و سەقامگیر بێت و ئاڵۆزی و نیگەرانییەكانی نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێم چارەسەر بكرێن.

هەروەها كونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر، ئامادەیی وڵاتەكەشی نیشان دا بۆ هاوكاریكردنی لایەنەكانی هەرێمی كوردستان لەپێناو تێپەڕاندنی قەیرانە سیاسیەكان و چارەسەركردنی گرفتەكان لەگەڵ حكوومەتی عێراقی فیدراڵ.

وەك لەراگەیەندراوەكەدا هاتووە، مەسعود بارزانی ئەوەی دووپاتكردەوە:" پارتی بنیاتنەری شەرعیەت و هەڵبژاردنی هەرێم بووە، ماوەی دوو ساڵە پارتی هەموو هەوڵێكی دا كە هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت بەڵام ڕێگریی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن كرا، بە ئاشكرا پەنا بۆ دەستی دەرەكی و دادگەی فیدڕاڵ بردرا بۆ ئەوەی كێشە بۆ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد دروست بكرێت."

وتیشی:" بێبەشكردنی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینیەكان لە هەڵبژاردن، بێبەشكردنی سەدانهەزار دەنگدەر لە دەنگدان، بێبەشكردنی هەڵەبجە لە ژمارەی حەقیقیی كورسیەكان و سەپاندنی ڕێوشوێنی نادروست لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، وا دەكات كە هەڵبژاردن تەعبیر لە دەنگی ڕاستەقینەی خەڵكی كوردستان نەكات."

" پارتی لەگەڵ ئەوەیە كە هەڵبژاردنێكی پاك و ئازاد بە بێ دەستێوەردان و دیزاینی پێشوەختە بەڕێوەبچێت. هەڵوێستی پارتیش لەبەر ئەوە بووە كە پیلانی دەستبەسەرداگرتنی ئیرادەی خەڵكی كوردستان سەرنەگرێت."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن