شارەوانی سلێمانی لەبارەی تاپۆكردنی چەند گوندێك روونكردنەوە دەدات

کوردستان

02/04/2024     ژمارەی بینراو 292

راچڵەكین -

سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی لەبارەی تاپۆكردنی گوندەكانی تووەسپی و كانی گۆران و فەیاڵ، رایدەگەیەنێت: ئەو گوندانە لە سنووری شارەوانیی سلێمانیدا نین و فراوانكردنی 29 گوندەكەی ناو سنووری شارەوانیش لە پارێزگای سلێمانییەوە ئەنجام دەدرێت.

سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی لە ئاگادارییەكدا كە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویكردۆتەوە، زانیاریشی لەبارەی زەویی هێزە ئەمنییەكان خستووەتەڕوو.
 
دەقی ئاگادارییەكە:

ئاگادارییەك لە شارەوانیی سلێمانییەوە:

یەكەم:
تووەسپی و كانی گۆران و فەیاڵ:

هاوڵاتیان بەردەوام بە نامە و بە كۆمێنت پرسیاری تاپۆكردنی گوندەكانی تووەسپی و كانی گۆران و فەیاڵمان لێ دەكەن، بەڵام ئەو گوندانە لە سنووری شارەوانیی سلێمانیدا نین و پەیوەندییان بە شارەوانیمانەوە نییە، بۆیە پرسیار لە پارێزگای سلێمانی و لە شارەوانیی تووەسپی بكەن بۆ ئەو مەبەستە.

دووەم:
زەویی هێزە ئەمنییەكان:
ئەمانە كۆمەڵێك زەویی دیاریكراون كە بە بڕیارێكی بەڕێز جێگری سەرۆكی حكومەت لەلایەن ئەنجومەنی شارەوانیمانەوە دابەش دەكرێن، وە هەرچییەك لەو بارەیەوە پەیوەندی بە شارەوانیمانەوە هەبووبێت ئەنجامدراوە و ئێستا پرۆسەكە لەسەر دوو بابەت وەستاوە: بەشێكیان هێشتا لیستی ناوەكانمان لە هێزە ئەمنییەكانەوە بۆ نەهاتووە و چاوەڕوانی گەیشتنی لیستی ناوەكانین، وە بەشێكیشیان لیستی ناوەكانیان ناردووە و نزیكەی 2000 ناوێكن و نوسراوی سوودمەندبوونیان بۆ كراوە و چاوەڕوانی گەڕانەوەی ئەنجامی سوودمەندبوونی ئەو ناوانەین تاكو رێگەپێدانی كاتی بۆ خانووی نیشتەجێ بدەین بەو ناوانەی كە سوودمەند نەبوون، وە هەتا ئێستا وەڵامی تەنها 38 ناوێكمان بۆ گەڕاوەتەوە كە بەم زووانە رێكارەكانی پێدانی رێگەپێدانی كاتییان بۆ تەواو دەكرێت، بۆیە هێندە بە كۆمێنت پرسیار لەو بارەیەوە مەكەن چونكە بابەتەكەمان پشتگوێ نەخستووە تا بە كۆمێنت یادمان بخەنەوە و ئیدی هەر دواكەوتنێك لەو بابەتەدا رووبدات پەیوەندی بە شارەوانیماوە نییە بەڵكو پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكان و هەردوو بەڕێوەبەرایەتیی تاپۆی یەكەم و دووەمی سلێمانییەوە هەیە كە ئەركی وەڵامدانەوەی سوودمەندبوونیان لە ئەستۆیە لەگەڵ ئەو هێزانەی كە هەتا ئێستا لیستی ناوەكانیان بە بەڵگەنامەكانەوە بۆ نەناردووین.

سێیەم:
29 گوندەكە:
كۆمێنتێكی زۆرمان بۆ دێت دەربارەی ئەوەی كەی بەڕێز وەزیری ناوخۆ واژۆی فراوانكردنی 29 گوندەكەی ناو سنووری شارەوانیمان دەكات لەكاتێكدا بابەتی حەرەمی گوند و فراوانكردنی حەرەمی گوند پەیوەندی بە شارەوانیمانەوە نییە بەڵكو ئەو كارانە لە پارێزگای سلێمانییەوە ئەنجام دەدرێت چونكە حەرەمی گوند بەپێی نەخشەی كادسترۆی كشتوكاڵی دیاری دەكرێت نەوەك بەپێی نەخشەی شارەوانی، وە شارەوانیمان وەك گەڕەك نەخشە بۆ ئەو گوندانە دەكێشێت و حەرەمەكە دەبێتە بەشێك لە نەخشەی گەڕەكەكە، بۆیە پرسیار لە پارێزگای سلێمانی بكەن لەو بارەیەوە.

سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی
٢ ی ٤ ی ٢٠٢٤

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن