مەرجەكانی بوون بەكارمەندی سەر سندوقەكانی دەنگدان بڵاوكرانەوە

کوردستان

04/04/2024     ژمارەی بینراو 719

راچڵەكین-

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق، مەرجەكانی پڕكردنەوەی فۆڕمی كارمەندانی سەر سندوقی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانی بڵاوكردەوە كە 10 مەرج لەخۆ دەگرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق مەرجەكانی پڕكردنەوەی فۆڕمی كارمەندانی سەر سندوقی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بڵاو كردەوە.

مەرجەكانی پڕكردنەوەی فۆڕمی كارمەندانی سەر سندوق:

1- لەدایكبووی ساڵانی 1969 بۆ 2005 بێت.

2- كەمترین بڕوانامە (بۆ ئەوانەی فەرمانبەرن) نابێت لە ئامادەیی كەمتربێت.

3- فێرخوازانی سەرجەم قۆناغەكانی زانكۆو پەیمانگاكان كە خوێندن تیایاندا دوای تەواوكردنی ئامادەییە، بەو مەرجەی تەمەنی پێشكەشكار لە 19 ساڵ كەمتر نەبێت.

4- بۆ (دەرچوانی دانەمەزراو) كەمترین بڕوانامە (دبلۆم)ە، جگە لەو ناوەندی تۆمارانەی كێشەی كەمی كارمەندیان هەیەو پێشوەختە لەلایەن كۆمسیۆنەوە دیاری دەكرێن، كە خاوەن بڕوانامەی ئامادەییش دەتوانن فۆرمی بۆ پڕبكەنەوە.

5-پێویستە پێشكەشكار (كارتی دەنگدانی بایۆمەتری) هەبێت.

6-پێویستە لە دانیشتوانی پارێزگاكە بێت.

7-دەبێت بۆ سنوری ناوەندی تۆماركردنەكەی خۆی فۆرم پڕبكاتەوە.

8- نابێت پێشتر بڕیاری سزادانی بۆ دەرچووبێت و لە پاداشتی كۆمسیۆن بێبەش كرابێت، یاخود لە وانەبێت كە دووجار یان زیاتر پەنجەمۆری كردووە، یاخود كارمەندی ئەو وێستگانە بووبێت كە پەنجەمۆری دووبارەی هەبووە.

9-نابێت لە خزمو نزیكانی پاڵێوراوانی (هەمان بازنەی هەڵبژاردن) بێت، وەك (باوك، دایك، كوڕ، برا، خوشك، هاوسەر، هاوژین، مام، ئامۆژن، خاڵ، خاڵۆژن).

10-پێشكەشكار دەبێت بەڵێننامەیەكی دەستنووس پڕبكاتەوە و، بەڵێن بدات كە رێوشوێنەكانی لێپرسینەوەو دادگەری نایگرێتەوە و، حوكم نەدراوە بەكردنی تاوان و، یەكێك نییە لە ئەندامانی هێزە ئەمنی و سەربازییەكان و، نابێتە نوێنەری پارتە سیاسیە ركابەرەكان یان یەكێك لە چاودێرانی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لەڕۆژی دەنگدان، وە دەبێت سەربەخۆبێت و، پابەندبێت بە بنەماكانی ڕەفتاری ئامادەكراو لەلایەن كۆمسیۆنەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن