رووسیا.. هەرەسهێنانی بەنداوێك ژمارەیەك قوربانی لێدەكەوێتەوە

جیهان

06/04/2024     ژمارەی بینراو 254

راچڵەكین -

بەهۆی هەرەستهێنانی بەنداوێك لە باشووری رۆژئاوای رووسیا، ناوچەیەكی فراوان ژێرئاوكەوتن چەند كەسێكی گیانیان لەدەستدا، تیمەكانی فریاگوزاریی ئەو وڵاتەش هەزاران كەسیان رزگاركرد.

میدیاكانی رووسیا بڵاویانكردەوە، لەئەنجامی هەرەسهێنانی بەنداوێك لە شاری ئۆرسك لە باشووری رۆژئاوای ئەو وڵاتە، ئاستی ئاوی رووباری ئۆرال بەشێوەیەكی فراوان بەرزبووەوەو بووە هۆی ژێرئاوكەوتنی ناوچەیەكی بەرفراوانی نیشتەجێبوون.

ژمارەیەكی زۆر لە تیمەكانی فریاگوزاریی رووسیا بۆ بەهاناوەچوونی دانیشتووانی ناوچە زیانلێكەوتووەتەكە، رەوانەی ناوچەكە كران و توانییان هەزاران كەس رزگار بكەن و بەرەو شوێنەكانی تر بیانگوازنەوە.

شاری ئۆرسك كە بەهۆی هەرەسهێنانی بەنداوەكە، بەشێكی زۆری ژێرئاوكەوتووە، بە دووەم گەورەترین شارەكانی هەرێمی ئۆرینبۆرگ دادەنرێت و ژمارەی دانیشتووانەكەی نزیكەی 200 هەزار كەس دەبێت و كەوتووەتە سەر سنووری كازاخستان.

بەپێی ئامارە سەرەتاییەكان، لەئەنجامی رووداوەكە، سێ كەس گیانیان لەدەستداوەو زیاتر لە چوار هەزارو 250 خانووش ژێرئاو كەوتوون.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن