ڕاچڵەکین سپۆرت -
خۆبژێویی
لە سێکتەری وەرزشیدا لایەنێکی گرنگ و پێویستە بۆ بەردەوامی، گەشەکردن و سەرکەوتن
لە بوارەکەدا.
مەبەست
لە خۆبژێویی توانای یانە و ناوندێکی وەرزشییە بۆ گەیشتن بە دابینکردنی بودجەی
پێویست بۆ جێبەجێکردنی پلانی گەشەسەندن و بەشداریکردن لە خول چالاکییەکان بەبێ
ئەوەی پشت بە پشتیوانی دارایی دەرەکی ببەستێت. ئەمەش لە ڕێگای بەدەستهێنانی داهات
و فرە چەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات بە ڕێگای بنیاتنانی پڕۆژەی وەبەرهێنان،
مارکێتینگ، دەستخستنی سپۆنسەر، فڕۆشتنی بلیتی یارییەکان و بەکرێدانی یاریگا و هۆڵە
وەرزشییەکانی تایبەت بە یانە و ناوەندە وەرزشییەکان…تاد بەدەست دێت.
پەیوەست
بە خۆبژێویی یانە و ناوەندە وەرزشییەکان لە هەرێمی کوردستان، بەرپرسانی وەرزشی کە
زۆرێکیان خەڵکانێکی نائەکادیمین و بە تەسکیەی حیزیی ئەم و ئەو داندراون، سێ دەیە زیاترە
وەرزشی كوردستان دەبەن بەڕێوە، لە سایەیاندا وەرزشی ئەم هەرێمە بەرەوپێشچوونێکی
ئەوتۆی بەخۆوە نەبینیووە كە شایەنی باس بێت و هەر هیچ نەبێ بووبێتە بناغەیەك و
ڕێگەخۆشكەر بۆ بنیاتنانی ژێرخانێکی وەرزشی گونجاو بۆ یانە و ناوەندە وەرزشییەکان
کە ئومێدبەخش بێت.
لەگەڵ
ئەوەشدا زۆرێک لە یانە و ناوەندە وەرزشییەکانیش کەمتەرخەمبوون یان لایەنی
پەیوەندیدار هاوکار و ڕێگەخۆشکەر نەبوون لەگەڵیان، تاکوو کار لەسەر بنیاتنانی
ژێرخانی وەرزشی یانە و ناوەندەکانیان بکەنەوە و وەبەرهێنان بکەن لە بوارەکەی
خۆیاندا و گەشە بکەن و بگەنە ئاستی خۆبژێوی.
بەهۆی
پشتبەستنی بەردەوامی یانە و ناوەندە وەرزشییەکان بە هاوکاریی حیزب، خواپێداو و
دەستڕۆیشتووان تووشی ئاستەنگی زۆر بوونەتەوە و کۆسپی هەرە گەورەی زۆرینەیان
نەبوونی سەقامگیری دارایی و گەیشتنە بە ئاستی خۆبژێویی بۆ دەستەبەرکردنی بودجەی
پێویست بۆ بەردەوامیدان، گەشەکردن و بەشداری کاریگەرانە لە خول و چالاکییەکاندا.
مخابن!
لە هەرێمی کوردستان دەگمەن یانە وناوەندێکی وەرزشیت پێشک دێت کە گەیشتبێتە ئاستی
خۆبژێویی و چاوی لەدەستی سەدەقەی حیزب, خەڵکی دەستڕۆیشتوو و خواپێداو…تاد نەبێت.
ئاریشە
و کێشە داراییەکانی زۆرینەیان وایکردووە کە یانەکان ناچاربن هەموو ساڵێک لەپێناو
بەشداریکردنی تیپە جیاوازەکانیان بەتایبەتتر تیپی تۆپی یانەکانیان پێش دەستپێکی
خولەکانی کوردستان هەڕەشەی کشانەوە بکەن لە بەژداریکردن یان هانا بۆ ئەو کەس و
ناوەندانە ببەن لەپێناو دەستخستنی گوژمەیەک پارە کە بتوانن بەشداری پێبکەن لە خول
و چالاکییە وەرزشییەکان، ئەگەر چاوێکی خێراش بخشێنین بە واڵ و پەرەکانی
سۆشیالمیدیای تایبەت بە یانە و ناوەندە وەرزشییەکان ڕوونتر ئەوەمان بەرچاو دەکەوێت
کە کەم نین ئەو پۆستی سوپاسنامە و ستایشانەی کراون بەسەر قەد و باڵای فڵان سەرۆک
حیزب، وەزیر، ئاغا، کۆمپانیا، خواپێداو و دەستڕۆیشتوو…تاد لەبەرامبەر پێدانی چەند
سەد دۆلارێک یان یەک دوو ملیۆن دینار بۆ بەڕێوەچوون و بەشداریکردن لە خول و
چالاکییە وەرزشییەکانیان.
ماوەتەوە
بڵێم: گەیشتن بە ئاستی خۆبژێویی و فرە چەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات دەرفەت دەدات
بەو یانە و ناوەندە وەرزشیانە کە خەرجی کارکردنی خۆیان دابین بکەن و پەرە بە
یاریزان و تیپە جیاوازەکانی خۆیان بدەن و کار لەسەر بنیاتنانی ژێرخانی وەرزشی بکەن
بۆ بەردەوامیدان، گەشەکردن، سەرکەوتن و بەشداریکردنی کاریگەرانە و چنینەوەی
ئەنجامی گەورە لە خول و چالاکییە جیاوازەکان، چونکە کۆمەکیی و یارمەتییە
سنووردارەکان یارمەتییەکی کورتخایەنن و ناتواندرێت بەردەوام پشتی پێ ببەسترێت و
ببێتە پاڵپشتییەکی گەورە، تاکوو یانە و ناوەندە وەرزشییەکان بەردەوام بن، گەشە
بکەن و ئەنجامی گەورە بەدەست بهێن، بەڵکوو کار و هەنگاوی دروست ئەوەیە کە
وەبەرهێنان بکەیت و کار لەسەر بنیاتنانی ژێرخانێکی وەرزشی گونجاو بکرێتەوە کە
ببێتە هۆی گەشەکردن و گەیشتن بە ئاستی خۆبژێوی.
بیلال
حمە