مەكتەبی سیاسیی ‏‎یەكێتی پەیامێك بڵاودەكاتەوە

کوردستان

پێش 3 هەفتە     ژمارەی بینراو 1200

راچڵەكین -

مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەیادی ئەنفال دا پەیامێك بڵاودەكاتەوەو رایدەگەیەنێت: پێویستە هەموو لایەكمان لە حكومەتی هەرێم وحكومەتی فیدراڵی و ئەنجومەنی نوێنەران، بەوپەڕی لێپرسراوێتییەوە هەوڵەكانمان چڕتڕ بكەینەوە بۆ خزمەتكردنی هەمەلایەنە و زیاتری زیانلێكەوتوانی ئەو كارەساتە.

لە بەشێكی پەیامەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا هاتووە، "پێویست دەكات لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، ئەنفال وەك تاوانی قڕكرنی بە كۆمەڵ و جینۆساید بناسرێت و گەلی كوردستانیش بە دابینكردنی تێكڕای مافە دەستورییەكانی بۆ یەكجاری لە ئایندەی خۆی دڵنیابكرێتەوە.

دەقی پەیامەكە:

پەیامی مەكتەبی سیاسیی لە یادی ئەنفالدا 

36 ساڵ لەمەوبەر گەلەكەمان لەسەر دەستی رژێمی ستەمكاری بەعس لەژێر تایتڵی ناڕەوای (ئەنفال) دا بە هەشت قۆناغ رووبەڕووی دڕندانەترین تاوان بۆوە، كە سەرەڕای كۆمەڵكوژی و بێسەروشوێنكردنی 182000 منداڵ و گەنج و پیری كورد، گشت سیمایەكی ئاوەدانیشی لە نزیكەی پێنج هەزار گوند و شارۆچكەی ناوچەكانی كوردستاندا سڕییەوە.

ئەنفال برینێكی وەهای لەسەر دڵمان و لە كۆهزری گەلەكەمان دروستكرد كە ئازارێكی نەبڕاوەیەو بۆ ساڕێژی ئەو برینە قووڵە، بۆ سڕینەوەی شوێنەوارەكانی ئەو كارەساتە ناخهەژێنە، پێویستە هەموو لایەكمان لە حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی و ئەنجومەنی نوێنەران بەوپەڕی لێپرسراوێتییەوە هەوڵەكانمان چڕتڕ بكەینەوە بۆ خزمەتكردنی هەمەلایەنە و زیاتری زیانلێكەوتوانی ئەو كارەساتە.

‏‎هەرچەندە لە ساڵی 2008 وە دادگای باڵای تاوانەكان لە عێراق كەیسی ئەنفالی وەك تاوانی جەنگ و دژە مرۆیی ناساندووە، بەڵام قەبارەی تراژیدیاكە و دەرهاویشتە و لێكەوتەكانی ئەنفال، پێویست دەكات لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش دیسان وەك تاوانی قڕكرنی بە كۆمەڵ و جینۆساید بناسرێت و گەلی كوردستانیش بە دابینكردنی تێكڕای مافە دەستورییەكانی بۆ یەكجاری لە ئایندەی خۆی دڵنیابكرێتەوە. یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ ئەو ئامانجانەی سەرەوە، بێ درێغ لە خەباتدا دەبێت.

درود بۆ رۆحی قوربانیانی ئەنفال، سڵاوی ئەمەك و وەفاداری بۆ خۆراگریی كەسوكاری ئەنفالكراوان.

‏‎مەكتەبی سیاسیی
‏‎یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن