وڵاتێكی ئیسلامی لەبارەی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئیسرائیل دێتەدەنگ

جیهان

13/04/2024     ژمارەی بینراو 338

راچڵەكین -

گەورەترین وڵاتی ئیسلامی روونكردنەوە لەبارەی ئەو دەنگۆیانە دەدات كە باس لە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل دەكات، وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەش رایدەگەیەنێت: هیچ پلانێكمان بۆ ئەو مەبەستە نییە.

لالو محەمەد ئیقبال، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیندۆنیزیا (گەورەترین وڵاتی ئیسلامی لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە) لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئەو هەواڵانەی لە میدیاكانی ئیسرائیل بڵاوكراونەتەوە سەبارەت بە رەزامەندیمان بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئەو وڵاتە، دوورن لە راستییەوەو هەڵوێستی ئێمەش لەبارەی چارەسەركردنی دۆزی فەلەستین، روون و ئاشكرایە كە لەگەڵ دامەزراندنی دوو دەوڵەتین بۆ فەلەستین و ئیسرائیل.

وتەبێژەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئیندۆنیزیا وتیشی:" لەئێستادا هیچ پلانێكمان نییە بۆ هەنگاونان بە ئاڕاستەی دروستكردنی پەیوەندی دیپلۆماسی و سیاسی لەگەڵ حكومەتی تەلئەڤیڤ".

لێدوانەكەی لالو محەمەد ئیقبال لەوەڵامی میدیاكانی ئیسرائیل دێت كە بڵاویانكردەوە، حكومەتی ئیندۆنیزیا رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل لە بەرامبەر وەرگرتنی بە ئەندام لە رێكخراوی هاریكاری ئابووری و گەشەپێدان (OECD).

مانگی شوباتی رابردوو، ئیندۆنیزیا بە فەرمی داوای ئەندامییەتی لە رێكخراوی هاریكاری ئابووری و گەشەپێدان كردبوو، بەڵام بەهۆی بەرهەڵستیی ئیسرائیل، داواكارییەكەی رەتكرایەوە.

رێكخراوی هاریكاری ئابووری و گەشەپێدان كە لەساڵی 1961 دامەزراوەو بارەگای سەرەكیی لە شاری پاریس-ی پایتەختی فەرەنسایە، رێكخراوێكی ئابووریی نێودەوڵەتییەو كار بۆ پەرەپێدانی ئابووری و بازرگانیی جیهانی دەكات، لەئێستادا 38 وڵات ئەندامن لەو رێكخراوەو چەندین وڵاتی دیكەش داواكارییان بۆ ئەندامییەتی پێشكەشكردووەو چاوەڕوانی رەزامەندین.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن