ئایا ئیسرائیل بەتەنهایی دەتوانێت بەرپەرچی ئێران بداتەوە؟

ڕاپۆرت

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 176

راچڵەکین-

بەرپرسانی بەرگریی ئەمریکا دەڵێن لە زیاتر لە 100 مووشەکی بالیستیکی ئێران کە بەرەو ئیسرائیل ئاراستە کرا، تەنیا 5 مووشەکیان بەر چەند ئامانجێک کەوتوون لەناوخۆی ئیسرائیلدا.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا سێنتکۆم رایگەیاند، کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەهاوکاری لەگەڵ کەشتییە جەنگییەکانی ئەوروپا توانیویانە زیاتر لە 80 درۆن و چەند مووشەکی بالیستیکی ئێران تێکبشکێنن.

سێنتکۆم بەدیاریکراوی دەڵێت، کە 78 بۆ 89 درۆن و لایکەم 6 مووشەکی بالیستیکی ئێرانی خستووەتە خوارەوە.

جیا لە ئەمریکاش، هەریەک لە بەریتانیا و ئوردنیش بەشدارییان لە تێکشکاندنی هێرشەکەدا کردووە.

ئیسرائیل پێشتر رایگەیاندبوو، 99 لەسەدی مووشەکەکانی ئێرانمان تێکشکاندووە، بەڵام نەیشاردەوە بەهاوکاری وڵاتانی دیکە بووە.

دوو بەرپرسی ئەمریکی بە "ئەی بی سی" نیوزیان راگەیاندووە، کە ئەوان واتا ئەمریکا لایکەم نزیکەی نیوەی مووشەکە بالیستییەکانی ئێرانیان پاش هەڵدان یان پێش گەیشتن بەئامانجەکانیان خراونەتە خوارەوە.

تۆڕی "سی بی ئێس"یش  بڵاویکردووەتەوە، کە بەپێی زانیاری ئەمریکییەکان مووشەکی بالیستیک بەر پێگەی ئاسمانی "نواتیم" کەوتووە.

پێگەی ئاسمانی ن"واتیم" کە شوێنی جێگیرکردنی فڕۆکە زۆر پێشکەوتوو و گرانباییەکانی ئێف-35ە، ئامانجێکی سەرەکی هێرشەکەی ئێران بووە، چونکە ئەمریکا وتبووی ئیسرائیل لە کاتی هێرشکردنە سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق بەفڕۆکەی ئێف-35 هێرشی کردووە.

ناوچەیەکی چۆڵکراویش بەر مووشەک کەوتووە.

تۆڕی "ئەی بی سی" ئەمریکا باسی لەوە کردبوو مووشەکێک بەر فڕۆکەیەکی گواستنەوەی سی-130 کەوتووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە مووشەکێکیش لە خاکی ئیسرائیلدا کەوتووەتە خوارەوە، ئامانجەکەی رادارێکی ئیسرائیل بووە بەڵام نەیپێکاوە.

دەشڵێت ئەو مووشەکانە هەڵگری 60 تەن مادەی تەقینەوەن.

ئەوەشی باس کردووە، کە نیوەی ئەو مووشەکە بالیستیکانەی ئێران هەڵیدابوون تووشی کێشە بوون یان لە کاتی فڕیندا تەقیونەتەوە.

بەرپرسانی بەرگری ئەمریکا دەڵێن هێرشەکەی ئێران بەجۆرێک رێکخرابوو، کە سەرەتا سیستەمە بەرگرییەکانی ئیسرائیل سەرقاڵی مووشەکە کروزەکان و درۆنەکان بن تاوەکو مووشەکە بالیستیکییەکان بەئاسانی بەر ئامانجەکانیان بکەون.

ڕۆژنامەی وال ستریت جۆرنال بڵاویکردەوە، کە هێرشەکە دەکرا زۆر زیانی بەدواوە بێت، بەڵام فڕۆکە ئینگلیزی و ئەمریکی و ئوردنییەکان ڕۆڵێکی گرنگیان لە پووچەڵکردنەوەی هێرشەکەدا بینیوە.

سیستەمی بەرگری ئیسرائیل "گومبەزی ئاسنین" لە ساڵی 2011 دەستی بەکار کردووە، یەکەم ئەزموونی لە شەڕی هەشت ڕۆژەی لەگەڵ حەماس لە ساڵی 2014 بوو.

حەماس ئەوکات رایگەیاندبوو کە 1,500 مووشەکی بەرەو ئیسرائیل ئاراستە کردووە.

 

بەرپرسانی ئیسرائیل رایانگەیاندبوو کە 90 لە سەدی هێرشەکەی بەرپەرچداوەتەوە، بەڵام بەشێک لە پسپۆڕان ئەوکات گومانیان لەو ڕێژەیە هەبوو.

 

کۆماری ئیسلامی ئێران لەم هێرشەیدا، درۆنی خۆتەقێنەرەوەی شاهد-136 و مووشەکی بالیستیک و کروزی بەکارهێنا.

بەوتەی راگەیاندنەکانی ئێران، پێشتر ئێران درۆنی شاهد-136ی بۆ هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەناو هەرێمی کوردستان بەکارهێناوە. نرخی هەریەک لەم درۆنانە لە نێوان 20 تا 50 هەزار دۆلار مەزەندە دەکرێت.

 

لە ئێستاشدا ئیسرائیل هەڕەشە دەکات و دەیەوێت تۆڵەی خۆیلە ئێران بکاتەوە بکاتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەمریکا دژی تۆڵەکردنەوەیە، ئەمریکا دەڵێت ئێمە بەشدارنابین لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران.

بەڵام لەلایەکی دیکەشەوە ئەوەشیان نەشاردووەتەوە کە ئەمریکا لە بەرگریکردن لە ئیسرائیل بەردەوام دەبێت و پشتی چۆڵناکات لە ئەگەری هێرشی ئێراندا.



 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن