سودانی و بلینكن لە واشنتۆن كۆبوونەوە

عێراق

15/04/2024     ژمارەی بینراو 152

راچڵەكین-

سەرۆكوەزیرانی عیراق و ئەنتۆنی بلینكن-ی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كاراكردنەوەی رێككەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێ دەكەن.

نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عیراق بڵاویكردووەتەوە، محەمەد شیاع سودانی لەشوێنی حەوانەوەی خۆی لە واشنتۆن-ی پایتەختی ئەمریكا، چاوی كەوتووە بە ئەنتۆنی بلینكن-ی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەو كۆبوونەتەوە.

وەك لەراگەیەندراوەكەدا هاتووە، سودانی و بلینكن، تاوتوێی كاراكردنەوەی لیژنەی هەماهەنگی باڵای نێ,ان عیراق و ئەمریكا كراوە، هاوكات گفتوگۆ لەبارەی چەند لایەنێكی ئابووری و هەلی وەبەرهێنانی چەندین كۆمپانیای ئەمریكی لەعیراق بەتایبەت لەبواری وزەدا كراوە.

محەمەد شیاع سودانی، ئاماژەی بەوەكردووە، هەردوولا لەسەر بابەت گەلێك هاوڕابوون:" رێكەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی وەك نەخشەرێگایەك وایە بۆ پەرەدان بەپەیوەندیەیكانی داهاتووی نێوان عیراق و ئەمریكا."

لەبەشێكی تری راگەیەندراوەكەدا هاتووە، ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ هەڵوێستەكانی عیراق لەناوچەكەو نیشانداوەو جەختی لەوەكردووە، واشنتۆن پشتیوانی لە عیراقێكی بەهێزی دیموكراتی دەكات.

رۆژی 13ی ئەم مانگە شاندی باڵای حكومەتی عیراق گەیشتنە ئەمریكاو بڕیارە تا 19ی مانگ لەو وڵاتە بمێننەوە، دۆسیەی سیاسی، ئابووری، سەربازی و ئەمنیی نێوان هەردوو وڵات لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكا تاوتوێ دەكەن.

بڕیارە هەر ئەمڕۆ محەمەد شیاع سودانی، سەركۆوەزیرانی عیراق لەگەڵ جۆ بایدن-ی سەرۆكی ئەمریكا لە كۆشكی سپی كۆبێتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن