هۆشیار عەبدوڵڵاو د. غالب محەمەد: كەی ئێن ئێن درۆ دەكات

ڕاپۆرت

25/04/2020     ژمارەی بینراو 10602

راچڵەكین

هۆشیار عەبدوڵڵا ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هێرشێكی توند دەكاتە سەر كەناڵی كەی ئێن ئێن-ی حزبەكەی، بەهۆی بڵاوكردنەوەی راپۆرتێك لەسەر بڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن بەغداوە، پەرلەمانتارێكی دیكەی گۆڕانیش دەڵێت: ئەو ئەو نوسینە هیچی راست نییەو سپی كردنەوەی قسەی پارتییە، ئەم كەناڵەش بەكار دەهێنن بۆ وەسفكردنی گەندەڵەكان و سپیكردنەوەی داهاتە دزراوەكان.

هۆشیار عەبدوڵڵا رایگەیاندووە، ‫راپۆرتێك لەپێگەی KNNC بڵاوبۆتەوە بە هەموو مانایەك فەزیحەیەكی ئیعلامیی گەورەیە، هیچ یاسایەك نییە ناوی یاسای ژمارە شەشی موازەنە بێت، ماددەی ۲۷ یش لە یاسای موازەنە هیچ پەیوەندی بە موچەی هەرێمەوە نییە،ئەو راپۆرتە پینەكردنێكی زۆر بێتام و ناشرینی گەندەڵییەكانی داهاتی نەوت و ناوخۆیە بۆ كابینەی ۹ و هیچی تر.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەكردووە كە نە داهاتی ناوخۆ و نە داهاتی نەوتی هەرێم ئەوەندەیە كە ئەو راپۆرتە باسی دەكا، نە ژمارەی راستەقینەی فەرمانبەرانی هەرێمیش سەرووی ملیۆنە، نە یاسایەكیش هەیە ناوی یاسای ژمارە ٦ و بودجە بێت و نە برگەیەكیش هەیە لە مادەی ۲۷ یاسای بودجە كە بە هۆیەوە پشكی هەرێم بڕدرا بێت.

هۆشیار عەبدوڵڵا دەڵێت: خۆ ئەگەر مەبەستیی ئەو راپۆرتە، یاسای ژمارە ٦ ئیدارەی مالیی ماددەی ۲۷ بڕگەی پێنج بێت و تێكەڵی كردبێت لەگەڵ یاسای موازنە، ئەوا باسی دابەزاندنە نەك بڕین بۆ هەمو وەزارەت و پارێزگاكان و هەرێمەكانە، ئەوەش بۆ كاتی موازنەی ئاساییە نەك موازنەی یەك لە سەر دوانزە، واتا ئەو برگەیەش دەرفەتی برینی پشكی هەرێم نادات واتا پشكی هەرێم هیچ كێشەیەكی یاسایی نییە كە بەهۆیەوە ببردرێت. 

پەلەمانتارەكەی گۆڕان رایگەیاند: ئەو راپۆرتە پڕیەتی لە پینەكردن بۆ ئەوەی پاساوی شكستی دابەشنەكردنی موچە لە ئەستۆی كابینە فاشیلەكەی هەرێمی دەربهێنێت.

دەشڵێت: لە هەمووی كۆمیدی تر ئەوەیە گوایە بڕگەیەك بۆ یاسای موازەنە زیادكراوە و ئێمە وەك ئەندامانی لیژنەی دارایی بەسەرماندا تێپەڕیوە،باشە ئەی ئەگەر كیشە لە یاسای موازەنەی ۲٠۱۹ دا هەیە تا ئێستا موچە پاڵپشت بە چیی یاسایەك هاتوە،مەگەر هەر بەرپرسانی هەرێم نەبون سوپاسیی ئەندامانی لیژنەی داراییان كرد گوایە بە هۆی ئەوانەوە برگەی ج لە ماددەی ۱٠ جێگیر كراوە و تەنانەت لەو یاسایەدا بڕگە هەیە كە ئەگەر هەرێم نەوتیش نەنێرێ، نسبەتی زیان ببڕدرێت و مانگانە پشكەكەی تری تا ئێستا ۱٥ جار و بێ گرفت هاتووە.

هۆشیار عەبدوڵڵا ئاماژەی بەو مادە یاسایانە كردووە، كە لەو رێگەیەوە پشكی هەرێم لەساڵی 2019 و ئەمساڵیش رەوانەكراوە.

پرسیار ئەوەش دەكات ئەی بۆ جورئەتی ئەوە ناكەن باسی ئەوە بكەن كە حكومەتی هەرێم چەندین بڕگەی یاسای موازەنەی ۲٠۱۹ ی پێشێل كردووە؟! باسی ئەوە ناكەن كە وتی بڕی ۲٥٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە دەنێرم و نەینارد؟!دەبوو لیستی موچەی فەرمانبەران بەگوێرەی هەمان یاسا تا كۆتایی مانگی ۷ی پار بنێرێ و نەینارد.

پەرلەمانتارەكەی گۆڕان ئاماژە بەوە دەكات كە دەیان راپۆرت و بەرنامە و بەڵگە لە ئەرشیفی كەی ئێن ئێندا هەیە، كە پێچەوانەی زانیارییەكانی ناو ئەو راپۆرتەن، بەتایبەت پەیوەست بە ژمارەی فەرمانبەران و مەلەفی داهاتی نەوت و ناوخۆ، بە بەرپرسانی كەناڵەكەش دەڵێت:" حەقە رێزی مێژووی رۆژنامەوانی خۆتان و كەناڵەكەتان بگرن".

لە وەڵامی ئەو راپۆرتەشدا، د. غالب محەمەد پەرلەمانتاری گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە تێچینیكدا بۆ كەناڵەكە نوسیویەتی: ‎ئەو نوسینە هیچی راست نییە و دوورە لە حساباتی داهاتی هەرێم بە شێوەیەكی زانستی و بەداخەوە سپی كردنەوەی قسەی پارتییەو تەرجمەكردنیەتی  بەزمانێكی تر، بەداخەوە كە  ئەم كەناڵە بەكاردەهێنن بۆ وەسفكردنی گەندەڵەكان و سپیكردنەوەی داهاتە دزراوەكان، بۆ نمونە مادەی ٢٧ بڕگەی شەشی نییە، هەموو بڕگەكانی ٢٧مادەی یش پیوەندی بە هەرێم نییە، ئەنجا ئەمە لە ١/١/٢٠١٩  بۆ بودجەی ٢٠٢٠ بەكار دەهێنریت، ئەنجا بۆ زانیاریت بڕیاردەری لیژنەی دارایی پارتییە، ئەو ئۆكەی پێداوە، دووهەم داهاتی نەوت لە ٢٠١٩ بە معدەلی بەرمیلێك  ٦٠ دولار بووەو هەرێم ٥٠٠ هەزاری ناردووە لە رۆژێكدا چۆن ٢٩٥ دۆلاری دەمێنێتەوە!!!!!!

راپۆرتەكەی كەی ئێن ئێن

 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن