كاندیدەكەی حەلبوسی بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان کشایەوە

عێراق

پێش 4 هەفتە     ژمارەی بینراو 430

راچڵەکین-

شەعلان کرەیم کاندیدی پیشوو بۆ جێگرتنەوەی سەرۆکی پەرلەمانی عیراق، دەستی لە کاندیدبوونی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کێشاوەتەوە. دەڵێت “وەک کاندیدێکی سەربەخۆ کارەکانی خۆم دەکەم”.

دوای ئەوەی محەممەد حەلبوسی رۆژی سێشەممە، 15-11-2023 لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عیراق بەبڕیاری دادگای فیدراڵی دوورخرایەوە، شەعلان كرەیم، سەرۆكی فراكسیۆنی تەقدوم لە پەرلەمانی عێراق کاندید کرا بۆ جێگرەوەی حەلبوسی.

ئێستا شەعلاین کرەیم بەیاننامەیەکی بڵاوکردووەتەوە و  دەڵێت “بڕیارمداوە لە كاندیدبوونم بۆ پۆستی سەرۆكایەتی پەرلەمان بكشێمەوە.

 

دەشڵێت "جگە لە کشانەوەم لە رکابەرى پۆستى سەرۆکى پەرلەمان، سەربەخۆبوونی خۆشم لە هەموو کوتلە و پارتێکی سیاسی رادەگەیەنم".

ناوبراو لە یەكەم گەڕی هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ‌ بۆ پەرلەمانی عێراق، دوای لەکارلابردنی حەلبوسی، توانی 152 دەنگی پەرلەمان بەدەستبهێنێت.

 

دواتر ڤیدیۆیەک بڵاوکرایەوە کە تێیدا شەعلان کرەیم ستایشی سەدام حوسێن دەکات، بەمەش پەرلەمانتارانی شیعەی تووڕە کرد و کێشەیان لە پرۆسەی کاندیدبوونەکەی دروستکرد، سکاڵایان لەسەر تۆمار کرد و رێگەیان پێنەدا گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکەی بەڕێوەبچێت.

ئەو پەرلەمانتارە لەبەیاننامەكەیدا دەڵێت “وێڕای بڕیارەكەی دادگا بە دروستی كاندیدبوونم بەهۆی ئەو هەرا بێ پاساوەی پاڵشت بە ستەم و بوهتان و ناپاكی نزیكەكان و بۆ دووركەوتنەوە لەو مشتومڕەی دروستبووە، بڕیارمداوە لە كاندیدبوونم بۆ پۆستی سەرۆكایەتی پەرلەمان بكشێمەوە”.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن