فەلەستین هەڕەشە لە ئەمریكا دەكات

جیهان

پێش 4 هەفتە     ژمارەی بینراو 200

راچڵەكین -

سەرۆكی دەسەڵاتدارییەتی فەلەستین لەكاردانەوەی ڤیتۆكەی ئەمریكا كە بووە هۆی وەرنەگرتنی وڵاتەكەی وەك ئەندامی هەمیشەیی لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، هەڕەشە لەو وڵاتە دەكات و رایدەگەیەنێت، چاوخشاندنەوە بە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ واشنتۆن دەكەین.

مەحمود عەباس، سەرۆكی دەسەڵاتدارییەتی فەلەستین لەمیانی لێدوانێكی بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمیی فەلەستین (وەفا)، ناڕەزایی خۆی بەرامبەر بەكارهێنانی ڤیتۆ لەلایەن ئەمریكاوە لە ئەنجومەنی ئاسایش دەربڕی، دژ بە داواكارییەكی وڵاتەكە بۆ بوون بە ئەندامی هەمیشەیی لە نەتەوە یەكگرتووەكان و بەهۆیەوە داواكاكەیان رەتكرایەوە.

سەرۆكی فەلەستین وتی:" هەڵوێستەكەی ئەمریكا بەرامبەر فەلەستین و بەكارهێنانی ڤیتۆ، كارێكی ناپەرپرسیارانەو بێ پاساو بوو، نیگەرانی كردین و وامان لێدەكات لەمەودوا چاو بە ئاستی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ئەو وڵاتەدا بخشێنینەوە".

مەحمود عەباس، بەرپرسیاریەتیی تەواوەتی تێكچوونی دۆخی ناوچەكەی خستە ئەستۆی ئەمریكاو رایگەیاند: لەكاتێكدا هەموو جیهان پاڵپشتی لە داوا رەواكانی گەلی فەلەستین دەكەن و لەگەڵ جێبەجێكردنی یاسای نێودەوڵەتین، بەڵام ئەمریكا بەردەوامە لە پاڵپشتیكردنی ئیسرائیل و پێدانی چەك و تەقەمەنی بە سوپاكەی، ئامادەش نییە ئەو وڵاتە پابەند بكات بە راگرتنی شەڕی كۆمەڵكوژی لەدژی دانیشتووانی كەرتی غەززە.

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، لەكۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، نوێنەری ئەمریكا ڤیتۆی بەرامبەر پڕۆژە بڕیارێكی تایبەت بە ئەندامیەتی هەمیشەیی فەلەستین لە نەتەوە یەكگرتووەكان بەكارهێنا، كە لەلایەن ژمارەیەك وڵاتی عەرەبییەوە پێشكەش كرابوو، پڕۆژە بڕیارەكە لەكۆی 15 دەنگی ئەنجومەنەكە، 12 دەنگی بەدەستهێناو هەریەك لە بەریتانیاو سویسڕاش دەنگیان پێی نەدا، ئەمریكاش بە بەكارهێنانی ڤیتۆ، پڕۆژە بڕیارەكەی لەباربرد.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن