زانیاری نوێ لەسەر ئاکامی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران بڵاودەکرێتەوە

جیهان

پێش 3 هەفتە     ژمارەی بینراو 362

راچڵەکین-

ئاژانسی بلومبێرگ زانیارییەکی نوێی لەبارەی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق بڵاوکردەوە و رایگەیاند، سەرجەم زنجیرە فەرماندەکانی ئێران لە ناوچەکە کوژراون.

دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ٢٠ رۆژ لە هێرشەکە، هێشتا کۆمەڵێک زانیاری بەنهێنی مابوونەوە. ئەمڕۆ ئاژانسی بلومبێرگ زانیاری نوێی لەبارەی هێرشەکە بڵاوکردەوە.

بلومبێرگ لە راپۆرتەکەیدا روونیدەکاتەوە، کە بڕیاربووە فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران لە کونسوڵخانەکەی وڵاتەکەیانەوە بەرەو باڵەخانەیەک نزیک لەو شوێنە بڕۆن کە جێگەی نیشتتەجێبوونی دوو برای بەشار ئەسەد سەرۆککۆماری سوریا بووە. بەڵام بەوردی پێش هێرشەکەی ئیسرائیل، فەرماندەکانی ئێران بڕیاردەدەن هەر لە نهۆمی دووەمی بینای کونسوڵخانەکە بمێننەوە.

بلومبێرگ ئەوەشی نووسیوە، کە فەرماندەکانی سوپای پاسداران لە باڵەخانەی کونسوڵخانەکە دەریدەخات بەباوەڕی ئەوان بیناکە "پارێزراوترین" جێگابووە بۆیان لە سوریا و وابیریان کردووەتەوە ئیسرائیل هەرگیز بوێری ئەوە ناکات هێرش بکات.

لەو هێرشەدا، محەممەد رەزا زاهیدی فەرمادەی ئێران لە لوبنان و سوریا و یاریدەدەرەکەی، لەگەڵ پێنج ئەفسەری دیکە، فەرماندەیەکی حیزبووڵڵا و چوار هاووڵاتی سوری کوژران.

ئێران لەبەرانبەردا، لەرێگەی درۆن و مووشەکی کروز و بالیستیک بەشێوەی راستەوخۆ بۆ سەر خاکی ئیسرائیل، وەڵامی هێرشەکەی دایەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن